رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق لە پەیوەندییەکی تەلەفۆنیدا لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بە تووندی سەرکۆنەی هێرشە درۆنییەکانی هەولێری کرد و رایگەیاند، هەر زیانێک بە ئاسایشی هەرێمی کوردستان بگات، زیانە بە ئاسایشی نیشتمانیی عێراق.
ئەمڕۆ سێشەممە، 18ـی ئابی 2026، نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، عەلی فالح زەیدی بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کرد و تێیدا باسیان لەو هێرشانە کردووە کە چەند شوێنێکیان لە هەولێر کردووەتە ئامانج.
سەرۆکوەزیرانی عێراق لە پەیوەندییەکەدا سەرکۆنەی ئەو هێرشە درۆنییانەی کردووە کە کرانە سەر نووسینگەی تایبەتی مەسرور بارزانی و شوێنی حەوانەوەی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن، راشیگەیاندووە، "ئەم دەستدرێژییانە بەئامانجگرتنی ئاسایش و سەقامگیریی عێراقن."
زەیدی گوتی، "حکومەت بە رەهایی هەموو هێرشێک بۆ سەر خاک، دامەزراوە و هاووڵاتییانی عێراق رەتدەکاتەوە. دەوڵەت کەمتەرخەم نابێت لە پاراستنی سەروەریی وڵات، لایەنە پەیوەندیدارەکانیش لێکۆڵینەوە لە وردەکاریی ئەم هێرشانە دەکەن و بەرپرسانی هێرشەکە بەپێی یاسا راوەدوو دەنرێن."
نووسینگەکە دەڵێت، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سوپاسی سەرۆکوەزیرانی عێراقی کردووە بۆ پەیوەندی و بەدواداچوونەکەی. هەروەها جەختی لە گرنگیی بەردەوامیی هاوئاهەنگیی و هاوکاریی نێوان حکومەتی فیدراڵ و حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووەتەوە، کە ببێتە هۆی بەهێزکردنی ئاسایشی عێراق و پاراستنی سەلامەتیی هاووڵاتییان.
بەگوێرەی دژەتیرۆری کوردستان، کاژێر 00:28ی بەرەبەیانی دووشەممە 17-8-2026 دوو درۆنی بۆمبڕێژکراو لە جۆری (حەدید-110) لە دیوی سنووری وڵاتی ئێرانەوە ئاراستەی بارەگای نووسینگەی تایبەتیی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان و شوێنی حەوانەوەی بەڕێوەبەری ئاژانسی پاراستن لە قەزای پیرمامی پارێزگای هەولێر کران.
دژەتیرۆری کوردستان هەروەها رایگەیاند کە هێرشەکە هیچ زیانێکی گیانیی لێ نەکەوتووەتەوە.


