رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی عێراق رایگەیاند، وردبینی لەو زانیاریانە دەکەن باس لە بە ئامانجکردنی فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق دەکەن هاوپەیمانیی خەدەماتیش، دەڵێت بە تووندی سەرکۆنەی ئەو هەڕەشانە دەکات، کە دەکرێنە سەر سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای داوەریی عێراق و رایدەگەیێنێت، ئەمە "بە ئامانجگرتنی راشکاوی شکۆی دەوڵەت و دامەزراوە دەستووری و دادوەرییەکانە."
شەوی 17ی ئابی 2026 حەیدەر عەبوودی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق رایگەیاند، ئەو زانیارییانەی لەبارەی پلانی بەئامانجکردنی سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری بڵاوکراونەتەوە، "لەژێر وردبینییدان".
ئەمڕۆ کەناڵی ئەلعەرەبییە-ی سەر بە سعودیە بڵاویکردەوە، گرووپە چەکدارەکان پلانی تیرۆرکردنی فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق-یان داناوە، کە بە درۆن بیکوژن. هەڕەشەکان جدین پەیوەندی بە پرسی چەک لەدەست دەوڵەت و گەندەڵییەوە هەیە.
بەڵام تاوەکو ئێستا سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق هیچ روونکردنەوەیەکی نەداوە.
ئێوارەی ئەمڕۆ دووشەممە هاوپەیمانیی خەدەمات بە سەرۆکایەتی شبل زەیدی لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە: "دەسەڵاتی دادوەریی کۆڵەکەی بەدیهێنانی دادپەروەریی و پارێزەری ماف و ئازادییەکان و چەسپاندنی پرەنسیپی سەروەریی یاسایە؛ هەموو هەوڵێکیش بۆ لێدان لە سەربەخۆیی دادگە یان کاریگەری خستنە سەر بڕیارەکانی، رەتدەکەینەوە."
هاوپەیمانییەکە داوا دەکات کە پاڵپشتیی دەسەڵاتی دادوەری بکرێت لە هەوڵە چاکسازییەکانیدا و رێکاری یاسایی تووند بەرامبەر ئەو کەس و لایەنانە بگیرێتە بەر کە تێوەگلاون، تاوەکو "شکۆی دەوڵەت پارێزراو بێت و متمانەی هاووڵاتییان بە دامەزراوەکان زیاتر بێت."
هاوپەیمانیی خزمەتگوزاریی کە لە پەرلەمانی عێراق هەشت ئەندامی هەیە، دەستخۆشی لە هەوڵەکانی دەسەڵاتی دادوەری و جێبەجێکردن دەکات بۆ بەردەوامبوون لە چاکسازی و بنبڕکردنی تۆڕەکانی گەندەڵی و رایگەیاندووە: "بنیاتنانی عێراقێکی ئارام و سەقامگیر و گەشەسەندوو، تەنیا لە رێگەی دەوڵەتێکی بەهێزەوە دەبێت کە یاسای تێدا سەروەر بێت و شکۆی دامەزراوە دەستوورییەکانی، بەتایبەتی دادوەری، پارێزراو بێت."


