رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی دیوانیە رایگەیاند، گەنجێکی 26 ساڵان، کە بە تۆمەتی تووندوتیژیی خێزانی دەستبەسەر کرابوو، لە ناو بنکەی پۆلیسدا ئاگری لە جەستەی خۆی بەرداوە؛ بەو هۆیەشەوە ئەفسەری ئێشکگر و چەند پۆلیسێک دەستگیرکراون.
رۆژی دووشەممە 17ـی ئابی 2026، فەرماندەیی پۆلیسی پارێزگای دیوانیە لە روونکردنەوەیەکدا بۆ رای گشتی بڵاویکردەوە، رۆژی 13ـی ئابی 2026، یەکێک لە دەستبەسەرکراوانی بەشی پاراستنی خێزان و منداڵ کە تەمەنی 26 ساڵە، پاشماوە و خۆڵ و خاشاکی لەو گۆڕەپانە کۆکردووەتەوە، کە زیندانیان بۆ دەچن بۆ پشوودان، دوای سووتاندنی پاشماوەکە، ئاگری لە جەستەی خۆی بەرداوە.
بەگوێرەی پۆلیسی دیوانیە، ئەو گەنجە بەهۆی چەندین سکاڵاوە دەستبەسەر کرابوو کە لە لایەن کەسوکارییەوە لەسەری تۆمار کراون، لەوانە لێدان لە دایکی، براکەی و خوشکەکەی.
دوای رووداوەکە، لیوا نەجاح مەحموود سوڵتان، فەرماندەی پۆلیسی دیوانیە، رۆژی 14ـی ئاب بڕیاریدا لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە پێکبهێنرێ و ئەفسەری ئێشکگر لەگەڵ ژمارەیەک کارمەندی دیکەی پۆلیس دەستگیر بکرێن، تاوەکو هۆکاری رووداوەکە و هەر جۆرە کەمتەرخەمییەک هەبێت، رێکاری یاساییان بەرامبەر بگیرێتەبەر.
بەگوێرەی زانیارییەکان، ئێستا گەنجەکە لە نەخۆشخانەیە و چارەسەر وەردەگرێ.


