رووداو دیجیتاڵ
دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق سکاڵای رێباز حەملان، بەربژێری پێشووی پارتی بۆ پۆستی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوەی عێراقی رەتکردەوە، کە تانەی لە رێکارەکانی دەنگدانی پەرلەمان دابوو کە بەهۆیەوە وەک بەربژێری ئەو وەزارەتە رەتکرایەوە.
ئەمڕۆ دووشەممە 16ی ئابی 2026 دانیشتنی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق لەبارەی ئەو سکاڵایەی رێباز حەملان ئەنجامدرا.
دادگەی باڵای فیدراڵی لە ئەنجامی دانیشتنەکەدا نووسیویەتی: "سکاڵای سکاڵاکارەکە رەتکرایەوە". بەبێ ئەوەى ئاماژە بە هۆکارى رەتکردنەوەکە بدات.
رێباز حەملان کە بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستان بوو بۆ ئەو پۆستە، لە سکاڵاکەیدا داوای لە دادگەی فیدراڵی کردبوو رێکارەکانی دەنگدان و ئەو ئەنجامانەی لەلایەن پەرلەمانەوە راگەیێندراون بە نادروست دابنرێن و لەناو پەرلەمان دەنگدان بکرێتەوە؛ هەروەها داوای کردبوو تۆماری تەواوی کۆبوونەوەی پەرلەمانیان پێبدرێت، کە تێیدا دەنگدانەکە کراوە.
عامر خوزاعی، کە بەربژێری پۆستی وەزارەتی خوێندنی باڵا بوو، سکاڵاکەی لەدژی رەتکردنەوەی لە پەرلەمان کشاندەوە کە دەبوو ئەمڕۆ تاوتوێ بکرێت.
پێشتریش لە 12ی تەممووزی 2026 قاسم عەتا، کە لەسەر پشکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا بەربژێر بوو بۆ پۆستی وەزارەتی ناوخۆ، سکاڵاکەی لەسەر هەمان بابەت کشاندەوە، لە دوای ئەوەی لە دانیشتنی پەرلەمان بۆ متمانەدان بە حکومەت، ئەو بەربژێرە وەک پەسەندکراو هەژمارکراو.
14ی ئایار لە پەرلەمانی عێراق دەنگ لەسەر 14 بەربژێری کابینەی حکومەت درا، بەربژێری 9 وەزارەت ماون، بەربژێری چوار وەزارەت لە دەنگداندا رەتکراونەتەوە و متمانەیان وەرنەگرت.




