رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای نەجەف، ئۆتۆمبێلێک خۆی بە نێو کافتریایەکدا کرد و لە ئەنجامدا هەشت کەس بریندار بوون. بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی پارێزگاکە رایگەیاند، تەندروستیی چوار لە بریندارەکان ناجێگیرە.
ماهر عەبودی، گوتەبێژی تەندروستیی نەجەف، ئەمڕۆ (یەکشەممە، 16-08-2026) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، رووداوەکە درەنگی شەوی رابردوو لە قەزای مشخاب رووی داوە، کاتێک ئۆتۆمبێلێکی جۆری چارجەر کۆنترۆڵی لەدەست داوە و خۆی بە نێو کافتریاکەدا کێشاوە.
گوتەبێژی تەندروستیی نەجەف ئاماژەی بەوە کرد، تیمەکانیان دەستبەجێ چارەسەری پێویستیان بۆ بریندارەکان کردووە و چوار لە بریندارەکان بەهۆی ناجێگیریی تەندروستییان، گەیێندراونەتە نەخۆشخانەی سەدر لە نەجەف و چوارەکەی دیکەش لە هەمان قەزا چارەسەر وەردەگرن.
بەگوێرەی راپۆرتی دەستەی ئاماری سەر بە وەزارەتی پلاندانانی عێراق بۆ ساڵی 2025، 11 هەزار و 948 رووداوی هاتووچۆی جیاواز لە 15 پارێزگای عێراق تۆمار کراون؛ کە 1.6% لە ساڵی 2024 زیاتر بووە و شۆفێر هۆکاری زیاتر لە 74%ـی رووداوەکان و رێگەوبانیش هۆکاری زیاتر لە 6%ـی رووداوەکان بوون. بەڵام گیانلەدەستدان بەهۆی ئەو رووداوانەوە 13.5% و برینداربوون 2.8% کەمیان کردووە؛ زیاتر لە 85%ـی قوربانیی ئەو رووداوانە رەگەزی نێر بوون.


