رووداو دیجیتاڵ
بەپێی ئامارەکانی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق، لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی 2026ـدا، جیابوونەوە ئاستێکی بەرزی تۆمارکردووە و گەیشتووەتە 34,699 جیابوونەوە، لە بەرامبەردا 156,212 گرێبەستی هاوژینی واژۆکراون.
لە ئامارەکانی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراقدا هاتووە، لە مانگی کانوونی دووەم تاوەکو کۆتایی مانگی حوزەیرانی 2026، کۆی گشتیی گرێبەستەکانی هاوژینی لە دادگاکانی عێراق (جگە لە هەرێمی کوردستان و پارێزگای کەرکووک)، 156,212 گرێبەست بووە. لە بەرامبەردا، 34,699 جیابوونەوە لە هەمان ماوەدا تۆمارکراون.
ئامارەکان دەری دەخەن کە مانگی نیسان لەنێو شەش مانگی سەرەتای ئەمساڵدا زۆرترین گرێبەستی هاوژینی تێدا تۆمارکراوە کە گەیشتووەتە 30,119 گرێبەست، بەڵام لە هەمان کاتدا زۆرترین جیابوونەوەش هەر لەو مانگەدا بووە کە 6,383 حاڵەت بووە.
ئاماری هاوژینی و جیابوونەوە بەپێی مانگەکان (بەبێ کەرکووک):
مانگی کانوونی دووەم:
25,956 هاوژینی
5,837 جیابوونەوە
مانگی شوبات:
27,262 هاوژینی
5,901 جیابوونەوە
مانگی ئادار:
17,827 هاوژینی
4,915 جیابوونەوە
مانگی نیسان:
30,119 هاوژینی
6,383 جیابوونەوە
مانگی ئایار:
28,266 هاوژینی
5,634 جیابوونەوە
مانگی حوزەیران:
26,782 هاوژینی
6,029 جیابوونەوە
بەغدا لە پلەی یەکەمە
وەک هەمیشە، پارێزگای بەغدا بە هەردوو بەری کەرخ و رەسافەوە، پشکی شێری لە ئامارەکاندا بەرکەوتووە. دادگاکانی بەغدا مانگانە زیاتر لە هەزار جیابوونەوەیان تێدا تۆمارکراوە. بۆ نموونە تەنیا لە مانگی نیساندا، لە هەردوو بەری بەغدا (کەرخ و رەسافە)، 2,665 حاڵەتی جیابوونەوە هەبووە.
دوای بەغدا، پارێزگاکانی نەینەوا و بەسرە لە پلەکانی دووەم و سێیەم دێن لە رووی زۆریی هاوژینی و جیابوونەوە. بۆ نموونە لە مانگی حوزەیراندا لە بەسرە 626 جیابوونەوە و لە نەینەوا 572 جیابوونەوە تۆمارکراون.
پارێزگای موسەننا و میسان بە کەمترین رێژەی جیابوونەوە لەسەر ئاستی عێراق دادەنرێن. لە مانگی ئاداردا، پارێزگای موسەننا تەنیا 87 جیابوونەوەی تێدا تۆمارکراوە، کە ئەمە کەمترین ژمارەیە لە نێو هەموو پارێزگاکاندا لە نیوەی یەکەمی ساڵدا.
ئاماری مانگانەی پارێزگاکان بەپێی بەرزترین و نزمترین گرێبەستی هاوژینی و جیابوونەوە:
مانگی کانوونی دووەم:
زۆرترین گرێبەستی هاوژینی لە بەغدا/ رەسافە تۆمارکراوە کە 3,692 گرێبەست بووە، هەر لە هەمان دادگاش زۆرترین جیابوونەوە تۆمارکراوە کە 1,428 حاڵەت بووە.
کەمترین گرێبەستی هاوژینی لە پارێزگای موسەننا تۆمارکراوە کە 723 گرێبەست بووە، لە بەرامبەردا کەمترین حاڵەتی جیابوونەوە لە پارێزگای واست تۆمارکراوە کە تەنیا 86 جیابوونەوە بووە.
مانگی شوبات:
زۆرترین گرێبەستی هاوژینی لە بەغدا/ رەسافە تۆمارکراوە کە 4,086 گرێبەست بووە، هەروەها زۆرترین جیابوونەوەش هەر لەوێ بووە کە 1,331 بووە.
کەمترین گرێبەستی هاوژینی لە پارێزگای موسەننا تۆمارکراوە کە 666 گرێبەست بووە، کەمترین جیابوونەوەش لە پارێزگای واست تۆمارکراوە کە 102 جیابوونەوە بووە.
مانگی ئادار:
زۆرترین گرێبەستی هاوژینی لە بەغدا/ رەسافە تۆمارکراوە کە 3,054 گرێبەست بووە، زۆرترین جیابوونەوەش لەوێ 1,046 جیابوونەوە بووە.
کەمترین گرێبەستی هاوژینی لە پارێزگای موسەننا تۆمارکراوە کە 502 گرێبەست بووە، هەروەها کەمترین جیابوونەوەش هەر لە موسەننا بووە کە 87 بووە.
مانگی نیسان:
زۆرترین گرێبەستی هاوژینی لە بەغدا/ رەسافە تۆمارکراوە کە 4,332 گرێبەست بووە، زۆرترین جیابوونەوەش هەر لەوێ بووە کە 1,384 جیابوونەوە بووە.
کەمترین گرێبەستی هاوژینی لە پارێزگای موسەننا تۆمارکراوە کە 840 گرێبەست بووە، کەمترین جیابوونەوەش لە پارێزگای واست تۆمارکراوە کە 102 جیابوونەوە بووە.
مانگی ئایار:
زۆرترین گرێبەستی هاوژینی لە بەغدا/ رەسافە تۆمارکراوە کە 4,542 گرێبەست بووە، زۆرترین جیابوونەوەش لە بەغدا/ رەسافە بووە کە 1,244 جیابوونەوە بووە.
کەمترین گرێبەستی هاوژینی لە پارێزگای موسەننا تۆمارکراوە کە 756 گرێبەست بووە، کەمترین جیابوونەوەش هەر لە موسەننا بووە کە 115 جیابوونەوە بووە.
مانگی حوزەیران:
زۆرترین گرێبەستی هاوژینی لە بەغدا/ رەسافە تۆمارکراوە کە 4,172 گرێبەست بووە، هەروەها زۆرترین جیابوونەوە لەوێ 1,310 جیابوونەوە بووە.
کەمترین گرێبەستی هاوژینی لە پارێزگای موسەننا تۆمارکراوە کە 621 گرێبەست بووە، کەمترین جیابوونەوەش لە موسەننا تۆمارکراوە کە 108 جیابوونەوە بووە.
بەراورد بە پار؛ هاوژینی کەمبووەتەوە و جیابوونەوە هەڵکشاوە
بە بەراوردکارییەک بۆ ئامارەکانی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق (بەبێ کەرکووک)، لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی 2026ـدا، گرێبەستەکانی هاوژینی بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی 2025 دابەزینی بەخۆوە بینیوە. لە کاتێکدا لە نیوەی یەکەمی ساڵی 2025ـدا، 164,462 گرێبەستی هاوژینی تۆمارکرابوون، لە ساڵی 2026ـدا ئەم ژمارەیە دابەزیوە بۆ 156,212 گرێبەست، واتە 8,250 گرێبەستی هاوژینی کەمتر تۆمارکراوە.
لە بەرامبەردا، ئامارەکانی جیابوونەوە روویان لە هەڵکشان کردووە. لە شەش مانگی یەکەمی ساڵی 2025ـدا، 33,377 حاڵەتی جیابوونەوە هەبووە، بەڵام لە ساڵی 2026ـدا ژمارەکە بەرزبووەتەوە بۆ 34,699 حاڵەت. ئەمە دەریدەخات کە 1,322 جیابوونەوە زیادی کردووە.


