رووداو دیجیتاڵ
بەهۆی قەیرانی داراییەوە، حکومەتی عێراق مووچەی پاسەوانان و ستافی تایبەتی پەرلەمانتارانی خولەکانی پێشووی ئەنجوومەنی نوێنەرانی راگرتووە. پەرلەمانتارێک دەڵێت، بڕیارەکە هەموو خولەکانی پێشووی پەرلەمان دەگرێتەوە.
شیروان دووبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، رۆژی شەممە، 15ـی ئابی 2026 بە رادیۆی رووداوی رایگەیاند: "بەهۆی قەیرانی داراییەوە مووچەی پاسەوان و ستافی پەرلەمانتارانی خولەکانی پێشووی پەرلەمانی عێراق، تاوەکو ئەم ساتە بە تەواوی راگیراوە."
شیروان دووبەردانی، گوتی: "پەرلەمانتارانی خولەکانی پێشوو بەپێی یاسا مافی ئەوەیان هەیە شەش پاسەوان و ستافیان هەبێت، بەڵام مووچەی ئەم مانگەیان راگیراوە. تەنانەت مووچەی ستافی پەرلەمانتارانی خولی ئێستاش تاوەکو رۆژی پێنجشەممەی رابردوو راگیرابوو، دواتر بۆیان خەرج کرا."
پەرلەمانتارەکەی عێراق روونیکردەوە بەپێی یاسا پلەی پەرلەمانتار یەکسانە بە پلەی وەزیر، بۆیە هەر یەکەیان بۆیان هەیە شەش کەسیان بۆ دادەنرێت وەکو پاسەوان و شۆفێر و ستاف.
هەروەها دارا سێکانیانی، ئەندامی خولی پێنجەمی پەرلەمانی عێراق، بە رادیۆی رووداو رایگەیاند: "تاوەکو ئێستا ئەوەندەی ئاگادارین مووچەی پاسەوانی پەرلەمانتارانی هەموو خولەکانی پێشوو خەرج نەکراوە."
هەر پەرلەمانتارێکی خولەکانی پێشووی پەرلەمانی عێراق بە یاسا شەش کەسی وەک پاسەوان، شۆفێر و سکرتێر هەیە، کە دەکاتە نزیکەی 11 هەزار و 166 پاسەوان و ستاف و مووچەی مانگانەی هەر یەکێکیان نزیکەی یەک ملیۆن دینارە.

