رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکوەزیرانی عێراق دەڵێت، ساڵی داهاتوو دەبێتە "ساڵی گۆڕانکاریی ریشەیی" لە کەرتی کارەبا و بەرهەمهێنان و دابەشکردنی وزە دوو هێندە دەکرێت. دەشڵێت، حکوومەتەکەی کۆتایی بە "گەندەڵی و بەفیڕۆدان" لەو سێکتەرەدا دەهێنێت.
رۆژی شەممە 15ـی ئابی 2026، نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق بڵاویکردەوە، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق سەردانی بارەگای وەزارەتی کارەبای کردووە و لەگەڵ بەرپرسانی باڵای وەزارەتەکە کۆبووەتەوە.
عەلی زەیدی دڵنیایی دەداتە هاووڵاتییانی عێراق، رێکارەکانی حکوومەتەکەی بۆ کۆتاییهێنان بە گرفتەکانی دۆسیەی کارەبا بەردەوامن و گوتی، "ساڵی 2027 دەبێتە ساڵی دوو هێندەکردنی بەرهەمهێنان و توانای گواستنەوە و دابەشکردنی کارەبا، ئەمەش سەرەتایەکی گرنگ دەبێت بۆ گۆڕینی دۆخی وزە لە وڵاتدا."
بەپێی راگەیێندراوەکە سەرۆکوەزیرانی عێراق گوتوویەتی: "پێویستە هەوڵەکان چڕتر بکرێنەوە و بەرەنگاری گەندەڵی ببنەوە." هەروەها داوای کردووە لێکۆڵینەوەیەکی "بەپەلە" بۆ دابینکردنی سووتەمەنی بۆ وێستگەکان بکرێت، تاوەکو بۆ هاوینی داهاتوو باشبوونێکی بەرچاو لە دۆخی کارەبادا هەبێت.
عەلی فالح زەیدی ژمارەیەک رێنمایی و فەرمانی ئاراستەی وەزیری کارەبا کردووە ئەوانیش، "چاککردنەوەی تەواو بۆ گرفتەکانی ئەو 30 هەزار مێگاواتەی ئێستا بەرهەم دەهێنرێت، هەروەها کڕینی وزەی هاوردەکراو لە وڵاتانی دراوسێ کە بڕەکەی کەمتر نەبێت لە دە هەزار مێگاوات."
هەروەها زەیدی فەرمانی کردووە بە کڕین و بەرهەمهێنانی 37 هەزار مێگاوات کارەبای دیکە کە بەم شێوەیە دابەش دەبێت:
15 هەزار مێگاوات لە رێگەی کۆمپانیای (جی ئی)ـی ئەمریکی.
12 هەزار مێگاوات لە رێگەی وزەی خۆرەوە.
دە هەزار مێگاوات لە رێگەی وێستگە گەرمییەکانەوە.
بەرهەمهێنانی کارەبای عێراق 24 هەزار و 600 مێگاواتە، لە کاتێکدا بۆ پێدانی کارەبای بەردەوام پێویستی بە 55 بۆ 60 هەزار مێگاواتە.


