رووداو دیجیتاڵ
دادگای فیدراڵیی عێراق، سکاڵایەکی عەلی حەمەساڵح، پەرلەمانتاری هەرێمی کوردستانی بۆ دەرکردنی "فەرمانی وەلائی" بە مەبەستی راگرتنی خەرجکردنی مووچە و دەرماڵەی پەرلەمانتارانی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان رەتکردەوە.
بەگوێرەی نووسراوێکی فەرمیی دادگای باڵای فیدراڵیی عێراق، کە لە 29ـی تەممووزی 2026 دەرچووە، عەلی حەمەساڵح لە رێگەی پارێزەرەکەیەوە سکاڵایەکی دژی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان تۆمارکردووە. عەلی حەمەساڵح داوای لە دادگای فیدراڵی کردووە (فەرمانی وەلائی) دەربکات بۆ راگرتنی خەرجکردنی مووچە و دەرماڵەی ئەندامانی پەرلەمانی کوردستان، تاوەکو ئەو کاتەی دادگا بڕیار لەسەر سکاڵا سەرەکییەکەی دەدات کە تێیدا تانەی لە دەستووریبوونی بەردەوامبوونی خولی شەشەمی پەرلەمان داوە.
عەلی حەمەساڵح، پەرلەمانتار و بڕیاردەری رەوتی هەڵوێست، رۆژی 26ـی ئەم مانگە سکاڵاکەی بۆ راگرتنی مووچەی پەرلەمانتاران تۆمارکردووە.
دادگای باڵای فیدراڵی دوای وردبینیی سکاڵاکە، بڕیاری داوە بە رەتکردنەوەی دەرکردنی فەرمانی وەلائی. دادگاکە لە پاساوی بڕیارەکەیدا ئاماژەی بە مادەی 151 لە یاسای دادبینیی شارستانی ژمارە 83ـی ساڵی 1969 کردووە و رایگەیاندووە، بۆ دەرکردنی فەرمانی وەلائی، "پێویستە مەرجی بەپەلەبوون و دەستکارینەکردنی بنەمای ماف" هەبێت. بەڵام وەک دادگاکە دەڵێت، ئەو دوو مەرجە لە سکاڵاکەدا بەدی نەکراون.
دادگای فیدراڵی ئاماژەی بەوە کردووە، بڕیاری رەتکردنەوەکە بە کۆدەنگیی ئەندامانی دادگا بووە و بڕیاری کۆتاییە و تانەی لێ نادرێت.
سکاڵاکەی عەلی حەمەساڵح لە کاتێکدایە کە زیاتر لە ساڵێک و هەشت مانگ بەسەر هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمان و سوێندخواردنی 97 پەرلەمانتار تێپەڕیوە، بەڵام تاوەکو ئێستا پەرلەمان کارا نەکراوە و دەستەی سەرۆکایەتییەکەی هەڵنەبژێردراوە.


