رووداو دیجیتاڵ
لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی بڕگەکانی رێککەوتنی ئەمنیی هاوبەشی نێوان عێراق و هەرێمی کوردستان لەگەڵ کۆماری ئیسلامیی ئێران، ئەمڕۆ شەممە لە شاری هەولێر کۆبووەوە. لیژنەکە جەختی لە پێویستیی بەردەوامیی پەیوەندی و هاوئاهەنگیی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان کردەوە.
راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق سەرۆکایەتیی شاندێکی باڵای ئەمنیی عێراق و رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان سەرۆکایەتیی شاندی هەرێمی کوردستانی کرد.
بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی راگەیاندنی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق، لە کۆبوونەوەکەدا وردەکاریی بڕگەکانی رێککەوتنی ئەمنیی عێراق و ئێران تاوتوێ کراون، بەتایبەتی لەو بابەتانەی پەیوەستن بە پاراستنی سنوور؛ هەروەها پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری لە سەرانسەری عێراق.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا باس لەو بڕگانەی رێککەوتنەکە کرا تاوەکو ئێستا جێبەجێ کراون. لیژنەکە جەختی لە پێویستیی بەردەوامیی پەیوەندی و هاوئاهەنگیی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان کردەوە، ئەوەش لەسەر بنەمای رێنماییەکانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق بۆ پاراستنی بەرژەوەندی و سەروەریی عێراق.
رۆژی شەممە، 15ـی ئابی 2026، قاسم عەبوودی، راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانیی عێراق بە سەرۆکایەتیی شاندێکی باڵای ئەمنی گەیشتە هەولێر.
رۆژی 19ـی ئاداری 2023 عەلی شەمخانی، سکرتێری ئەو کاتی ئەنجوومەنی باڵای ئاسایشی نیشتمانیی ئێران و قاسم ئەعرەجی، راوێژکاری ئەو کاتی ئاسایشی نیشتمانیی عێراق لە بەغدا رێککەوتنی ئەمنیی نێوان هەردوو وڵاتیان واژۆ کرد.


