رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوەیەکی ئەمنیی عێراق دەڵێت، حکومەتی عێراق هەوڵ دەدات زمانی گفتوگۆ لەگەڵ گرووپەکان پێش شەڕ و بەرەنگاربوونەوە بخات و گفتوگۆش کراوە و بەردەوامە؛ باس لەوەش دەکات کە گرووپی سەیدولشوهەدا جۆرێک لە نەرمی نواندووە و گرووپەکانیش بەگشتی چەند مەرجێکیان هەیە.
سەرچاوە ئەمنییەکە بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، ئەبوو ئەلا وەلائی کە ئەمینداری گشتیی کەتیبەکانی سەیدولشوهەدایە "تا رادەیەک نەرمی نواندووە بۆ رازیبوون بە چەکدانانی گرووپەکەی، بەڵام بەگشتی گرووپەکان چەند مەرجێکیان هەیە کە دیارترینیان چوونە دەرەوەی تەواوەتیی ئەمریکایە لە 30ـی ئەیلوول، لەگەڵ پەسندکردنی پرۆژەیاسای خزمەت و خانەنشینیی حەشدی شەعبی."
پرۆژەیاسای خزمەت و خانەنشینیی حەشدی شەعبی لە مانگی ئابی 2023 لەلایەن حکومەتی عێراقەوە پەسند کرا و رەوانەی پەرلەمان کرا بۆ دەنگدان لەسەری، بەڵام بەهۆی بوونی ناکۆکی لەسەر ناوەڕۆکی پرۆژەیاساکە و هەڕەشەکانی ئەمریکا، تاوەکو ئێستا پرۆژەیاساکە پەسند نەکراوە.
ئەو پرۆژەیاسایە ئامانجی رێکخستنی کاروباری کارگێڕی، دارایی و یاسایی ئەندامانی دەستەی حەشدی شەعبییە و هاوتاکردنی مافەکانیانە لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی دیکەی عێراق وەک سوپا و پۆلیس.
بە گوتەی ئەو سەرچاوەیەی رووداو، گرووپەکان داوایان کردووە دوای چەکدانانیان، رێگەیان پێ بدرێت کە وەک چەکداری تاک بچنە نێو چوارچێوەی حەشدی شەعبی و تێکەڵی ئەو دەستەیە ببن؛ باسی لەوەش کرد کە حکومەتی عێراق بەو مەرجە رازی دەبێت.
ئەو سەرچاوەیە کە ئاگاداری گفتوگۆکانی حکومەت و گرووپە چەکدارەکانە دەڵێت: "گفتوگۆ لە پێکدادان نزیکترە و ئەگەری زۆرە هەردوولا پێش 30ـی ئەیلوول بگەنە لێکتێگەیشتن، دواتر دەستپێکردنی پرۆسەکە بە کرداری و چەکدانانی گرووپەکان رەنگە بکەوێتە دوای مانگی ئەیلوول و ئەو پرۆسەیە کاتی پێویستە."
پرسی کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەت یەکێکە لە بڕگە سەرەکییەکانی کارنامەکەی عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق و چەندین جار باسی لەوە کردووە کە دەبێت دوای 30ـی ئەیلوول چەکی دەرەوەی یاسا نەمێنێت.
هەروەها بەگوێرەی بڕیاری ئەنجوومەنی بەڕێوەبردنی دەوڵەت، کە زۆرینەی لایەنە سەرەکییەکانی بەشدار لە حکومەت تێیدا بەشدارن، دوای ئەو وادەیە بوونی چەک لە دەرەوەی دەوڵەت و هەر جۆرە مامەڵەیەکی دەرەوەی یاسا، بەگوێرەی یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت.
رۆژی 11ـی ئەم مانگەش، عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق لە کۆبوونەوەی لەگەڵ خالید عوبەیدی، سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمان و ئەندامانی لیژنەکە، فەرمانی کرد بە دەرکردنی پرۆژەیاسایەک بۆ "سنووردارکردنی چەک لە دەستی دەوڵەت" و بەپێی رێکارە دەستوورییەکان ئامادە بکرێت.

.jpg&w=3840&q=75)