رووداو دیجیتاڵ
محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکی هاوپەیمانی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان و سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق رایگەیاند، ئەو دەسپێشخەرییەی کاتی خۆی بۆ ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکان لەگەڵ دیمەشق دەستیانپێکردبوو، ئێستا گەیشتووەتە ئەنجام و عێراقی وەک کۆڵەکەیەکی ئاشتیی ناوچەیی نیشانداوە.
رۆژی هەینی، 14ـی ئابی 2026، محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکی هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان، لە پۆستێکدا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان رایگەیاند، کاتێک بە بەرپرسیارێتییەوە دەسپێشخەرییان کرد بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ "واقیعە نوێیەکەی دیمەشق" و دواتر دیداری دۆحە لەگەڵ بەڕێز شەرع کرا، درکیان بەوە کردبوو سەقامگیریی ناوچەکە پێویستی بە دیدگایەکی روون و دیپلۆماسییەکی دەسپێشخەرانە هەیە.
سوودانی لە راگەیێندراوەکەدا خۆشحاڵیی خۆی دەربڕی کە دەبینێت ئەو هەوڵانە بەرهەمیان هەبووە و گوتی: "ئەمڕۆ دەبینین ئەو دەسپێشخەرییە بە سەردانی فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری و پێش ئەویش سەردانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان و وەزیری دەرەوەی عێراق بۆ سووریا، گەیشتووەتە ئەنجام."
سەرۆکوەزیرانی پێشووی عێراق جەختی کردەوە، کە ئێستا هەردوو وڵات رێڕەوێکی تەواوکارییان دەستنیشان کردووە کە لە کرانەوەی دیپلۆماسییەوە بەرەو هاوکاریی یاسایی و دادوەری دەچێت. گوتیشی: "رۆژگار راستیی ئەو هەنگاوەی ئێمەی سەلماند و دووپاتیکردەوە عێراق وەک سازێنەری چارەسەرەکان و کۆڵەکەیەک بۆ ئاشتیی ناوچەیی لەسەر بنەمای بەرژەوەندیی هاوبەش و سەروەریی یاسا، هەر بەو شێوەیە دەمێنێتەوە."
نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە 3ـی ئابی 2026 بە سەردانێکی فەرمی گەیشتە دیمەشقی پایتەختی سووریا و لەگەڵ ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا کۆبووەوە.
رۆژی پێنجشەممە، 13ی ئابی 2026، سەرۆکایەتیی کۆماری سووریا، ئەحمەد شەرع، سەرۆککۆماری سووریا لە دیمەشق پێشوازی لە فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق و شاندێکی یاوەری کرد.
بەگوێرەی راگەیێندراوی کۆبوونەوەکان، پرسی زیندانییانی داعش، ئاوارەکانی کەمپی هۆڵ و بەرەنگاربوونەوەی مادەی هۆشبەر تەوەری سەرەکیی گفتوگۆکان بوون.



