رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی لقی کەرکووکی یەکێتیی بەڵێندەرانی عێراق دەڵێت، کۆی شایستە داراییە کەڵەکەبووەکانی بەڵێندەران لە سەرانسەری عێراق گەیشتووەتە نزیکەی 60 تریلیۆن دینار، راشیگەیاند لە کەرکووک زیاتر لە 400 پڕۆژە بەهۆی نەدانی پارەوە پەککەوتوون.
نەوزاد ئەنوەر، سەرۆکی لقی کەرکووکی یەکێتیی بەڵێندەرانی عێراق، رۆژی هەینی 14ـی ئابی 2026، بە رووداوی راگەیاند: "قەرزی بەڵێندەران لە عێراق بڕێکی زۆرە و گەیشتووەتە 50 بۆ 60 تریلیۆن دینار." رەخنەی تووندیشی لەو گرێبەستە راستەوخۆیانە گرت کە لە بودجەی سێ ساڵەی عێراقدا پەسند کراون و بە "دەرگایەکی گەورە بۆ گەندەڵی" داینان.
سەبارەت بە پارێزگای کەرکووک، نەوزاد ئەنوەر ئاماژەی بەوە کرد، تاوەکو ئێستا 270 ملیار دینار وەک پێشینە (سولفە) قەرزی بەڵێندەران لای پارێزگایە، بەڵام وەک پڕۆژەکان تەواو بکرێن، قەرزەکە دەگاتە زیاتر لە 600 ملیار دینار.
نەوزاد ئەنوەر باسی لە پرۆژەکانی کەرکووک کرد و گوتی: "زیاتر لە 400 پڕۆژە لە کەرکووک هەن کە دەتوانم بڵێم 90%ـیان وەستاون. هەندێک پڕۆژە رێژەی جێبەجێکردنیان گەیشتووەتە 90%، بەڵام بەهۆی ئەوەی بەڵێندەر پارەکەی وەرنەگرتووە، ناچار بووە کارەکان رابگرێت."
سەرۆکی لقی کەرکووکی یەکێتیی بەڵێندەران هۆشداری دا لە تێکچوونی ئەو پڕۆژانەی کە نیوەچڵ جێهێڵدراون. رایگەیاند: "راوەستانی پڕۆژەکان زیانێکی زۆر لە کوالێتی و لایەنی ئەندازیارییەکەی دەدات. پڕۆژەیەک کە تێکچوو، دواتر بە چاککردنەوەش وەک خۆی لێ نایەتەوە و ئەمەش زیانێکی گەورەی مادییە."
لە چەند پارێزگایەکی عێراق، جارێکی دیکە خۆپێشاندانی بەڵێندەران دەستیپێکردووەتەوە و داوا دەکەن حکومەت شایستە داراییەکانی چەند ساڵی رابردوویان بۆ خەرج بکات.
رۆژی 27ـی 6ـی 2026، عەلی فاخیر سنافی، سەرۆکی یەکێتیی بەڵێندەرانی عێراق، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "دوایین بڕە پارە کە وەرگیرا 940 ملیار دینار بوو کە لە سەردەمی کابینەی سوودانیدا بوو، بەڵام ئەو بڕە هەموو پارێزگاکانی نەگرتەوە و تەنیا نزیکەی 2.5٪ـی کۆی ئەو پارەیەیە لای حکومەت ماوە".
عێراق لە ساڵی 2023ـەوە بودجەیەکی سێ ساڵەی (2023, 2024, 2025) پەسند کردووە، کە تێیدا بڕێکی زۆر پارە بۆ پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان تەرخانکراوە.
بەهۆی کێشەی نەختینە و پەککەوتنی هەناردەی نەوت لە هەندێک ناوچە، وەزارەتی دارایی عێراق نەیتوانیوە لە کاتی خۆیدا پارەی پڕۆژەکان دابین بکات.
بەڵێندەران دەڵێن زۆربەی ئەو پارانەی بۆ پڕۆژەکان تەرخانکرابوون، لە رێگەی "گرێبەستی راستەوخۆ"وە دراونەتە کۆمپانیاکانی نزیک لە لایەنە سیاسییەکان و ئەمەش وایکردووە بەشێکی زۆری پڕۆژەکان بە نیوەچڵی بمێننەوە یان تەنیا لەسەر کاخەز هەبن.



