رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی بەرگریی عێراق ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە کە باس لە کشانەوەی هێزەکانی سوپا لە نێوان کەرکووک و قەزای خورماتوو دەکەن و دەڵێت: "ئەوەی روویداوە تەنیا جێگۆڕکێی ئاسایی سەربازی بووە."
لیوا یەحیا رەسوول، گوتەبێژی وەزارەتی بەرگریی عێراق، رۆژی پێنجشەممە، 13ـی ئابی 2026، رایگەیاند: "ئەو هەواڵانەی لە هەندێک میدیا و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراونەتەوە لەسەر هەبوونی کشانەوەیەکی گەورەی سوپای عێراق لە خاڵە سەربازییەکانی نێوان خورماتوو و کەرکووک، دوورن لە راستییەوە."
لیوا یەحیا رەسوول روونیکردەوە، ئەوەی لەو ناوچانەدا روویداوە بریتی بووە لە "سەرلەنوێ بڵاوەپێکردنەوە، گۆڕینی یەکەکان و مانۆڕی سەربازیی ئاسایی"، لەگەڵ بەهێزکردنی هەندێک پێگەی سەربازی بە هێزی زیاتر، کە ئەمانەش هەمووی لە چوارچێوەی پلانە سەربازییە پەسندکراوەکاندایە و هیچ پەیوەندییەکی بە کشانەوەی سەربازییەوە نییە.
ئەم روونکردنەوەیەی وەزارەتی بەرگریی عێراق دوای ئەوە دێت کە لە چەند رۆژی رابردوودا ئەرشەد ساڵحی، سەرۆکی فراکسیۆنی بەرەی تورکمانی لە پەرلەمانی عێراق داوای لە سەرۆکوەزیرانی عێراق کردبوو هێزە فیدراڵییەکان لەو ناوچانەدا بهێڵێتەوە و نەیانکێشێتەوە.

