رووداو دیجیتاڵ
ئەمڕۆ پێنجشەممە شاندێکی باڵای ئەمنیی عێراق سەردانی سعودیە دەکات؛ هێرشەکانی
سەر سعودیە و دۆسیەی درۆنەکان لەگەڵ بەرپرسانی ئەو وڵاتە تاوتوێ دەکات.
میدیای فەرمیی عێراق رایگەیاند، ئەو شاندە بە سەرۆکایەتیی
عەبدولئەمیر شەمەری، بەڕێوەبەری نووسینگەی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان و ئەندامێتیی
حەمید شەترى، سەرۆکی دەزگای هەواڵگری، موهەننەد ئەسەدی، فەرماندەی هێزی ئاسمانی و
زەید حوشی، سەرۆکی دەزگای دژەتیرۆری عێراق دەبێت.
بەگوێرەی میدیای فەرمی، ئەو شاندە چەند دۆسیەیەکی
ئەمنی لەگەڵ لایەنە پەیوەندیدارەکانی سعودیە تاوتوێ دەکەن، لەوانە ئەو هێرشانەی
کرانە سەر سعودیە و دۆسیەی درۆنەکان و بەهێزکردنی هاوکاریی ئەمنیی نێوان هەردوو وڵات.
28ی تەممووز، سعودیە گرووپە چەکدارەکانی عێراقی
تۆمەتبار کرد بەوەی لە خاکی عێراقەوە بە درۆن هێرشیان کردووەتە سەر چەند پێگەیەکی
وزەی وڵاتەکەی.
رۆژێک دوای ئەو تۆمەتبارکردنە، سعودیە و ئەمریکا
هێرشیان کردە سەر بارەگای حەشدی شەعبی و بەهۆیەوە 20 چەکدار کوژران و 32ی دیکەیان
بریندار بوون.




