رووداو دیجیتاڵ
سێ کۆمپانیای نەوت لە هەرێمی کوردستان رەتیدەکەنەوە رێککەوتنی سێ قۆڵی لەگەڵ بەغدا و هەولێر بۆ هەناردەی نەوت واژۆ کرابێت؛ یەکێک لە کۆمپانیاکان پێشبینی دەکات ئەو رێککەوتنە رۆژی پێنجشەممە نوێ بکرێتەوە.
تۆڕی میدیایی رووداو قسەی لەگەڵ سێ کۆمپانیای بەرهەمهێنەری نەوتی هەرێمی کوردستان کردووە لەبارەی رێککەوتنی سێ قۆڵیی نێوان کۆمپانیاکان و حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی نەوتی فیدراڵ بۆ هەناردەی نەوت. ئەو سێ کۆمپانیایە رەتیانکردەوە کە رێککەوتنە سێ قۆڵییەکە نوێ کرابێتەوە.
رێککەوتنە سێ قۆڵییەکە پێشتر لە 22ـی ئەیلوولی 2025 واژۆ کرا، بۆ ئەوەی رۆژانە 230 هەزار بەرمیل نەوتی بەرهەمهێنراوی کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان رادەستی کۆمپانیای بە بازاڕکردنی نەوتی عێراق (سۆمۆ) بکرێت بۆ فرۆشتنی لە رێگەی بەندەری جەیهانی تورکیاوە.
یەکێک لەو کۆمپانیایانە 12ـی ئاب بە رووداوی گوت: "پێشبینی دەکەین سبەی رێککەوتنی سێ قۆڵییەکە نوێ بکەینەوە."
چوارشەممە 12ـی ئابی 2026، عەلی نزار، بەڕێوەبەری کۆمپانیای سۆمۆ، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، رێککەوتنە سێ قۆڵییەکەی نێوان حکومەتی فیدراڵی، حکومەتی هەرێمی کوردستان و کۆمپانیاکانی نەوت لە هەرێمی کوردستان نوێکراوەتەوە.
هەروەها سەرچاوەیەک لە کۆمپانیای نەوتی باکوور بە رووداوی گوت: "رێککەوتنە سێ قۆڵییەکە نزیکەی 20 رۆژ لەمەوپێش لە هەولێر نوێکرایەوە و رەوانەی وەزارەتی نەوتی عێراق کراوە بۆ ئەوەی بە فەرمی پەسند و کارا بکرێت." بەڵام ئەو کۆمپانیایەی نەوت کە قسەی بۆ رووداو کردووە دەڵێت: "کۆمپانیای سۆمۆ دوێنێ (11ـی ئاب) رێککەوتنەکەی نوێ کردووەتەوە و ناردوویەتی بۆ هەولێر."
ئێستا زیاتر لە 200 هەزار بەرمیل نەوتی کەرکووک لە رێگەی بۆڕیی هەرێمی کوردستانەوە بۆ بەندەری جەیهانی تورکیا هەناردە دەکرێت.
لە مانگەکانی ئایار و حوزەیراندا تەنیا 1.5 ملیۆن بەرمیل نەوتی بەرهەمهێنراوی کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان لە هەمان رێگەوە هەناردە کراون.
بۆ دەستپێکردنەوەی بەرهەمهێنان و هەناردەی نەوتی هەرێمی کوردستان، کۆمپانیاکان پێویستیان بە نوێکردنەوەی رێککەوتنە سێ قۆڵییەکەیە. یەکێک لەو کۆمپانیایانە گوتی: "بەبێ رێککەوتن ناتوانین نەوت هەناردە بکەین."
رێککەوتنی نێوان بەغدا و هەولێر بۆ هەناردەی نەوت، بەشێکە لە پاکێجی چارەسەری دارایی نێوانیان و ناردنی پشکی مووچەی هەرێمی کوردستان لەلایەن وەزارەتی دارایی فیدراڵەوە.
ئەو رێککەوتنە لە ساڵی 2025 واژۆ کرا، کە بەشێکی پەیوەندیدار بوو بە رادەستکردنی 120 ملیار دیناری داهاتی نانەوتیی هەرێمی کوردستان لە بەرامبەر ناردنی پشکی مووچە.


