رووداو دیجیتاڵ
عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، لەگەڵ چارڵز براد کووپەر، فەرماندەی فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا (سێنتکۆم) کۆبووەوە و تاوتوێی کشانەوەی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعشیان کرد.
بەگوێرەی نووسینگەی رۆژنامەوانیی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لەو کۆبوونەوەیەدا عەلی زەیدی جەختی لە پابەندبوون بەو خشتە کاتییە کردووەتەوە کە لەسەری رێککەوتوون.
30ـی ئەیلوول وەک وادەی جێگیر و کۆتایی بۆ کۆتاییهێنان بە ئەرکی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژی داعش لە عێراق و تەواوکردنی کشانەوەی هێزەکانیان دانراوە.
عەلی زەیدی رایگەیاند: "یەکی تشرینی یەکەمی داهاتوو، رۆژێکی نوێ دەبێت لە رێڕەوی دەوڵەت و هیچ هێزێکی بیانی لە عێراقدا نامێنێت."
بوونی هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق، پاساوی بەشێک لە گرووپە چەکدارەکانە بۆ رادەستنەکردنی چەکەکانیان و ئێستا چاوەڕێی 30ـی ئەیلوول دەکەن.
سەرۆکوەزیرانی عێراق رایگەیاند، سنووردارکردنی چەک لەدەست دەوڵەتدا بەگوێرەی یاسا، هەمووان دەپارێزێت و دەسەڵاتی دەوڵەت و سەروەرییەکەی بەهێز دەکات، بەشێوەیەک کە گەرەنتیی ئاسایش و سەقامگیرییەکەی بکات؛ ئەوەش مەرجێکی بنەڕەتییە بۆ ئەوەی عێراق بچێتە قۆناخێکی نوێی بووژانەوە و گەشەپێدان.


