رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق دەڵێت، کێشەی نەختینە لە عێراق تاوەکو دوو مانگی دیکەش بەردەوام دەبێت. سەرۆکی لیژنەی نەوت و گازیش دەڵێت: "عێراق بەهۆی دابەزینی ئاستی هەناردەی نەوتەوە تووشی کێشەی نەختینە بووە."
جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، رۆژی چوارشەممە 12ـی ئابی 2026، بە رووداوی راگەیاند: "بەردەوامبوونی کێشەی نەختینە بەهۆی ئەوەیە، کە داهاتی هەناردەی مانگەکانی ئایار و حوزەیران لە دوو مانگی داهاتوو دەگات، کە بە هەردوو مانگەکە 32 ملیۆن بەرمیل نەوت فرۆشراوە لە کاتێکدا لە مانگی تەممووز بەتەنیا 42 ملیۆن بەرمیل نەوت فرۆشراوە."
جەمال کۆچەر گوتی: "حکومەت هەموو ئەو پارەیەی دێتە دەستی، راستەوخۆ بۆ دابینکردنی مووچە تەرخانی دەکات."
لە 28ـی ئەم مانگەوە، وەزارەتی دارایی فیدراڵ دابەشکردنی مووچەی دەستپێکرد، کە بەراورد بە مانگەکانی سەرەتای ئەم ساڵ لەکاتی خۆی دواکەوتووە.
هەرێم کەمال ئاغا، سەرۆکی تەمەنی لیژنەی نەوت و گازی پەرلەمانی عێراق، رۆژی چوارشەممە (12ـی ئابی 2026) بە رووداوی راگەیاند، عێراق بەهۆی دابەزینی ئاستی هەناردەی نەوتەوە تووشی کێشەی نەختینە بووە.
وەزارەتی دارایی عێراق مانگانە پێویستی بە زیاتر لە حەوت تریلیۆن دینارە بۆ مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینان و ئەوانەی چاودێری کۆمەڵایەتی دەیانگرێتەوە.



