رووداو دیجیتاڵ
دوای دەرچوونی فەرمانی دەستگیرکردن بۆ ئەحمەد ئەسەدی، وەزیری پێشووی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیی عێراق و سەرۆکی بزووتنەوەی سۆمەرییوون بە تۆمەتی "گەندەڵی"، بزووتنەوەکەی دەڵێت، "ئەجێندایەکی روون هەیە" بۆ کاریگەری دروستکردن لەسەر رای گشتی.
بەگوێرەی نووسراوێکی فەرمیی دادگەی تێهەڵچوونەوەی کەرخ، کە رۆژی 29ی تەممووزی 2026 دەرچووە، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ ئەحمەد جاسم سابیر ئەسەدی دەرکراوە.
ئەسەدی بەپێی مادەی 319 لە یاسای سزادانی عێراقی تۆمەتبارە بە "وەرگرتنی قازانجی نایاسایی" لەو گرێبەستانەی پەیوەندییان بە وەزارەتی کارەوە هەبووە. بەپێی لێکۆڵینەوەکان، گومان دەکرێت ئەسەدی لەگەڵ پەرلەمانتار (نازم ئەسەدی) کۆمپانیایەکیان بەناوی "ئەلتەدامون" لەسەر ناوی پاسەوانێکیان تۆمار کردبێت، تاوەکو لەو رێگەیەوە گرێبەستەکانی وەزارەت و مۆڵەتی هێنانی کرێکاری بیانی بۆ بەرژەوەندیی تایبەتی خۆیان بەکاربهێنن. هەر لەو چوارچێوەیەدا، رۆژی 9ی ئاب داوا لە پەرلەمان کرا پارێزبەندی لەسەر نازم ئەسەدی لابدات.
دوێنێ سێشەممە 11ی ئابی 2026، مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی سۆمەرییوون، کە ئەحمەد ئەسەدی سەرۆکایەتی دەکات، راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا رایگەیاند، "سەرسامین بە دەرچوونی ئەم فەرمانە، چونکە دکتۆر ئەحمەد ئەسەدی هەمیشە ئامادەیی خۆی بۆ بەردەم دادگە نیشانداوە."
بزووتنەوەکە دەڵێت، "ئەو تۆمەتانەی رووبەڕوومان کراونەتەوە، هێرشێکی میدیایی رێکخراویان لەگەڵدایە، کە ئەجێندای ناسراوی لەپشتە و هەوڵێکی روونە بۆ پێشوەختە بڕیاردان لەسەر رێڕەوی دادوەری و کاریگەری دروستکردن لەسەر رای گشتی."
ئاماژە بەوەش دەکەن، کە متمانەی تەواویان بە "بێتاوانیی" سەرۆکەکەیان هەیە و تیمێکی یاساییان بۆ بەدواداچوونی وردەکارییەکان راسپاردووە.
فەرمانی دەستگیرکردنەکە دوای ئەوە هات، کە لە 21ی تەممووزی ئەم ساڵ، هێزە ئەمنییەکانی عێراق هەڵیانکوتایە سەر ماڵ و بارەگاکانی ئەحمەد ئەسەدی. رۆژێک دواتر ئەسەدی لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا رایگەیاند، ئەو بۆ چارەسەر لە دەرەوەی وڵات بووە و "یەکێک لە کەسە نزیکەکانی سەرپێچیی کردووە." سەبارەت بەو بڕە پارە زۆرەشی کە دەستی بەسەردا گیرا، گوتی، "هەموویان پارەی یاسایین."
ئەحمەد ئەسەدی کێیە؟
- لەدایکبووی ساڵی 1971ی بەغدایە.
- فەرماندەی پێشووی گرووپی (جوندولئیمام) و گوتەبێژی پێشووی حەشدی شەعبی بووە.
- دامەزرێنەری هاوپەیمانیی (سەنەدی نیشتمانی) و بزووتنەوەی (سۆمەریون)ـە.
- لە حکومەتی پێشووی عێراقدا وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی بووە.
- یەکێکە لە کەسایەتییە دیارەکانی نێو چوارچێوەی هاوئاهەنگی.



