رووداو دیجیتاڵ
ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق بەرنامەی کاری حکومەتی بۆ ساڵانی 2026 تاوەکو 2029 پەسند کرد. بەرنامەکە کە لەلایەن عەلی زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراقەوە سەرپەرشتی دەکرێ، 139 کاری لەپێشینەی لەخۆگرتووە و بۆ پەسندکردنی کۆتایی، رەوانەی پەرلەمان کراوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوی نووسینگەی راگەیاندنی سەرۆکوەزیرانی عێراق، لە کۆبوونەوەی ئێوارەی رۆژی سێشەممە، 11ی ئابی 2026ی ئەنجوومەنی وەزیراندا تەنیا یەک بڕگەی کارنامە هەبوو، ئەویش پەسندکردنی بەرنامەی حکومەت بوو بۆ چوار ساڵی داهاتوو.
بەرنامە نوێیەکەی حکومەتی زەیدی دابەشکراوە بەسەر 14 کەرتی سەرەکی کە بناخەی کارەکانی کابینەکەی پێکدەهێنن، دیارترینیان بریتین لە:
- بەهێزکردنی سەروەریی دەوڵەت و ئاسایشی نیشتمانی.
- چاکسازیی ئابووری، دارایی و پەرەپێدانی کەرتی پیشەسازی.
- رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و چاکسازیی دامەزراوەیی.
- کەرتەکانی تەندروستی، پەروەردە، خوێندنی باڵا و گواستنەوە و گەیاندن.
- کشتوکاڵ، ئاو، ژینگە و وزە.
- پاراستنی کۆمەڵایەتی، مافی مرۆڤ، ئافرەتان و منداڵان.
- گەشتوگوزار، شوێنەوار، گەنجان و وەرزش.
بنیاتنانی عێراقێکی "ئابووری و دیجیتاڵی"
یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکانی بەرنامەکە جەختکردنەوەیە لەسەر گۆڕانکاریی ریشەیی لە سیستمی بەڕێوەبردنی دەوڵەت، لەوانە:
- پەرەپێدانی کەرتی بانکی، رێکخستنی دەروازە سنوورییەکان و راکێشانی وەبەرهێنانی بیانی.
- دەستپێکردنی ستراتیژیی نیشتمانی بۆ گۆڕانکاریی دیجیتاڵی و پاراستنی ئاسایشی ئەلیکترۆنی.
- دامەزراندنی (ئەنجوومەنی باڵای وەبەرهێنان) و (ئەنجوومەنی باڵای سەقامگیریی دارایی و نەختینەیی).
- یەکخستنی بڕیاری ئەمنی و کۆکردنەوەی هەموو توانا سەربازییەکان لە ژێر چەتری فەرمی دەوڵەتدا.
لە رووی کۆمەڵایەتییەوە، حکومەتی عێراق بەڵێن دەدات کار بۆ کەمکردنەوەی هەژاری بکات و بەرنامەی تایبەت بۆ پێگەیاندنی ئافرەتان لە ناوەندە بڕیاردەرەکان دابنێت؛ هەروەها جەخت لەسەر سنووردارکردنی هەموو شێوازەکانی تووندوتیژیی کۆمەڵایەتی و پاراستنی مافی منداڵان کراوەتەوە.
دوای پەسندکردنی لەلایەن ئەنجوومەنی وەزیرانەوە، بەرنامەکە رەوانەی پەرلەمانی عێراق کرا. حکومەت داوا دەکات 13 یاسای گرنگ و لەپێشینە لە پەرلەمان دەربکرێن بۆ ئەوەی زەوینە بۆ جێبەجێکردنی بەرنامەکە خۆش بێت.



