رووداو دیجیتاڵ
لە سنووری قەزای حەدیسەی سەر بە پارێزگای ئەنبار، رووبارێک لە ژێرزەوی و چەند جۆرە ماسییەکی دەگمەنی "پەمەیی و کوێر" لە نێو چاڵێکی قووڵدا دۆزرانەوە. قایمقامی قەزاکە دەڵێ، تیمێکی تایبەت بۆ لێکۆڵینەوە رەوانەی شوێنەکە دەکرێن.
عەباس حوسێن، قایمقامی قەزای حەدیسە لە پارێزگای ئەنبار رۆژی چوارشەممە (12ی ئابی 2026) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "لە نزیک دەروازەی رۆژئاوای حەدیسە، چاڵێکی قووڵی مێژوویی هەیە کە بە (خەسفە) دەناسرێ. یەکێک لە کارمەندانی پۆلیسی فریاکەوتنی ئەنبار لە نێو ئەو چاڵەدا دەرچەیەکی دۆزیوەتەوە و دوای چوونە ناوەوەی، رووبارێکی ژێرزەوی ئاشکرا کردووە."
قایمقامی حەدیسە گوتی، "لەنێو ئەو رووبارەدا، چەند ماسییەکی دەگمەن بینراون کە رەنگیان پەمەییە و بە ماسیی کوێر ناودەبرێن."
سەبارەت بە هەنگاوەکانی داهاتوو، عەباس حوسێن ئاماژەی بەوە کرد، "حکومەتی خۆجێیی ئەمڕۆ چوارشەممە دەست دەکات بە گرتنەبەری رێکارە سەرەتاییەکان. دواتریش تیمێکی لێکۆڵینەوە و گەڕان دەگەنە شوێنەکە بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی زانستی و فەرمی جۆری ئاوەکە، درێژیی رووبارەکە و جۆری ئەو ماسییە دەگمەنانە دیاری بکەن."
قایمقامی حەدیسە گوتی، پارێزگاری ئەنباریان لەم "دۆزینەوە"یە ئاگادار کردووەتەوە تاوەکو هاوئاهەنگیی پێویست بۆ لێکۆڵینەوە زانستییەکان بکرێ.
قەزای حەدیسە 260 کیلۆمەتر لە رۆژئاوای بەغداوە دوورە.



