رووداو دیجیتاڵ
سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق دەڵێ، هیچ بنەمایەکی یاسایی بۆ رێککەوتن لەگەڵ تۆمەتبارانی گەندەڵی نییە و دادگە بەپێی یاسا مامەڵە لەگەڵ دۆسیەکانی گەندەڵی دەکات.
رۆژی سێشەممە 11ی ئابی 2026 رائید فەهمی، سکرتێری حیزبی شیوعی عێراق، لە زاری فایەق زێدان، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراقەوە بڵاویکردەوە، لە کۆبوونەوەیەکدا لەگەڵ نوێنەرانی "رەوتی مەدەنی"، فایەق زێدان جەختی کردووەتەوە، دادگە بە هیچ شێوەیەک رێککەوتن لەگەڵ ئەو کەسانە ناکات کە بە گەندەڵی تۆمەتبارن.
فایەق زێدان لە کۆبوونەوەکەدا رایگەیاندووە، "هیچ بنەمایەکی یاسایی بۆ رێککەوتن لەگەڵ گەندەڵکاران نییە و دادگە بەپێی ئەو چوارچێوە یاساییانەی بۆی دیاریکراوە، مامەڵە لەگەڵ مەلەفەکانی گەندەڵی دەکات."
سەبارەت بە ئازادیی رادەربڕین، سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای دادوەریی عێراق ئاماژەی بەوە کردووە، ئازادی مافێکی جێگیری دەستوورییە، بەڵام دادگە جیاوازییەکی روون دەکات لەنێوان "مافی رادەربڕین" و "حاڵەتەکانی جنێودان و سووکایەتیکردن."
زێدان جەختیشی کردەوە، ئەرکی دەزگای دادوەری تەنیا جێبەجێکردنی یاساکانە نەک دەرکردنیان، چونکە ئەرکی یاسادانان تەنیا لە دەسەڵاتی پەرلەمانی عێراقدایە.



.jpeg&w=3840&q=75)