رووداو - دیجیتاڵ
دوای زیاتر لە دوو دەیە ئارامگرتن و چاوەڕوانی، خێزانێک لە پارێزگای دیالە کۆرپەیان بوو. پزیشکانی نەخۆشخانەی "زەهرا" بۆ ئافرەتان و منداڵان لە دیالە، سەرکەوتنی پڕۆسەی لەدایکبوونی منداڵەکەیان راگەیاند و جەختیان کردەوە کە باری تەندروستیی دایک و کۆرپەکەش جێگیرە.
دکتۆر فارس عەزاوی، بەڕێوەبەری بەشی راگەیاندن لە بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی دیالە بە رووداوی راگەیاند: "پڕۆسەی لەدایکبوونەکە لەژێر سەرپەرشتیی وردی دکتۆر یوسرا عەبدولمەهدی، پزیشکی راوێژکاری بواری ژنان و منداڵبوون بووە. دواجار دوای 21 ساڵ، ئەم خێزانە بە دیداری یەکەم کۆرپەیان شادبوون و منداڵەکە بە تەندروستییەکی باشەوە هاتە دنیاوە."
بەڕێوەبەری راگەیاندنی تەندروستیی دیالە ئاماژەی بەوەش کرد، ئەم سەرکەوتنە بەرهەمی چاودێرییەکی وردی پزیشکی و ماندووبوونی کادیرانی نەخۆشخانەکە بووە، تاوەکو توانییان ئەو خەونە دوورودرێژەی خێزانەکە بکەنە راستی.
ئەم حاڵەتە لە ناوەندە پزیشکییەکانی دیالەدا دەنگدانەوەی زۆری هەبووە و وەک "مژدەیەکی پڕ لە هیوا" بۆ ئەو خێزانانە دەبینرێت کە ساڵانێکی درێژە بە هیوای منداڵبوونەوە ئارامیان گرتووە. لە ئێستادا کۆرپەکە لەژێر چاودێریی پزیشکیدایە و سەرجەم نیشانە تەندروستییەکانی ئاسایین.



