رووداو دیجیتاڵ
ئوسامە بەدیری، پەرلەمانتاری پێشووی عێراق ئەو دەنگۆیانە رەتدەکاتەوە کە باس لە هەڵکوتانە سەر ماڵەکەی دەکەن و دەڵێت، "لە ماڵی خۆمم و هیچ کێشەیەکی یاساییم نییە."
سەرچاوەیەکی ئەمنی لە پارێزگای مەیسان رۆژی سێشەممە 11ی ئابی 2026، بە رووداوی راگەیاند، هێزێکی ئەمنی بە مەبەستی جێبەجێکردنی فەرمانی دەستگیرکردن، کە بە تۆمەتی گەندەڵی بۆی دەرچووە، چوونەتە سەر ماڵی ئوسامە بەدیری، پەرلەمانتاری پێشووی عێراق لە شاری عەمارە. سەرچاوەکە باسی لەوەش کرد، لەکاتی گەیشتنی هێزەکە، ئوسامە بەدیری لە ماڵەوە نەبووە و بەرەو شوێنێکی نادیار رۆیشتووە.
ئوسامە بەدیری، سەرۆکی پێشووی فراکسیۆنی سابیئەی مەندائی لە خوولی پێشووی پەرلەمانی عێراق، لە لێدوانێکدا بۆ رووداو ئەو هەواڵانەی رەتکردنەوە و گوتی، "ئەوەی بڵاوکراوەتەوە سەرلەبەری دوورە لە راستییەوە. من لە ماڵی خۆمم، هیچ کێشەیەکم نییە و سەلامەتم."
ئوسامە بەدیری ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو پێشتر بەڕێوەبەری شارەوانیی عەمارە بووە و "سوپاس بۆ خودا هیچ کێشەیەکم نەبووە."
بە گوتەی ئەو سەرچاوە ئەمنیەی پارێزگای مەیسان، فەرمانی دەستگیرکردن بۆ چەندین تۆمەتباری دیکەش دەرچووە، کە لە نێویاندا سێ فەرمانبەری ژن هەن.
ئەمە لە کاتێکدایە، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا دەنگۆی ئەوە بڵاوکراوەتەوە کە ئەو تۆمەتانەی ئاراستەی ئوسامە بەدیری کراون، پەیوەندییان بەو کاتەوە هەیە کە بەرپرسی فەرمانگەیەکی خزمەتگوزاری بووە لە عەمارە، بەر لەوەی لە خولی پێنجەمی پەرلەماندا وەک نوێنەری پێکهاتەی سابیئەی مەندائی هەڵبژێردرێ.



.jpeg&w=3840&q=75)