رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانی عێراق خوێندنەوەی یەکەمی بۆ پێشنیازەیاسای پێدانی مۆڵەتی ئاسایی درێژخایەن بۆ فەرمانبەران کرد. ئەگەر پێشنیازەیاساکە پەسند بکرێ، رێگە بە فەرمانبەر دەدات مۆڵەتی 5 ساڵە بە مووچەی نیوە وەربگرێ.
رۆژی سێشەممە 11ی ئابی 2026، فەرمانگەی راگەیاندنی پەرلەمانی عێراق بڵاویکردەوە، لە دانیشتنی ئەمڕۆدا خوێندنەوەی یەکەم بۆ پێشنیازەیاسای مۆڵەتی درێژخایەنی فەرمانبەران کرا.
رێبوار هادی، سەرۆکی لیژنەی یاسایی لە پەرلەمانی عێراق، بە رووداوی گوت، "ئەوەی کرا هەنگاوی یەکەمە. خوێندنەوەی دووەم و سێیەمیشی دەوێ."
رێبوار هادی گوتی، "لە کۆنووسەکەدا مەرجەکان و چۆنییەتی وەرگرتنی مۆڵەتی فەرمانبەرمان بە روونی باس کردووە. ئامانج لەم هەنگاوەش کەمکردنەوەی ئەو بارگرانییە داراییەیە لەسەر حکومەت دروست بووە."
بەگوێرەی پێشنیازەیاساکە کە وێنەیەکی دەست تۆڕی میدیایی رووداو کەوتووە، لە ئەگەری پەسندکردنی پێشنیازەیاساکە، وەزیری پەیوەندیدار یان سەرۆکی فەرمانگەی ناپەیوەست بە وەزارەت و پارێزگارەکان، دەسەڵاتیان هەیە مۆڵەتی پێنج ساڵەی ئاسایی بدەنە ئەو فەرمانبەرانەی لانیکەم یەک ساڵ خزمەتی کارایان هەیە.
ئەگەر پێشنیازەیاساکە پەسندبکرێ، فەرمانبەر 50%ـی مووچەی بنەڕەتییەکەی وەردەگرێ و ساڵانی مۆڵەتەکەیشی بۆ مەبەستی خانەنشینی بۆ هەژماردەکرێ.
هەر بەپێی یاساکە، فەرمانبەر دەتوانێت مۆڵەتێکی بێ مووچەی شەش مانگیش وەربگرێ و مۆڵەتپێدراوان مافی ئەوەیان دەبێت لە کاتی مۆڵەتدا لە کەرتی تایبەت کاربکەن.
هەروەها فەرمانبەر دەتوانێت دوای تێپەڕبوونی نیوەی ماوەی مۆڵەتەکەی (دوای دوو ساڵ و نیو)، مۆڵەتەکەی رابگرێ و بگەڕێتەوە سەر کارەکەی، بەبێ ئەوەی ئەو پارەیەی وەریگرتووە بۆ دەوڵەت بگەرێنێتەوە.
ئەگەر فەرمانبەر بەر لە تەواوبوونی نیوەی ماوەکە بگەڕێتەوە سەر کار، دەبێت سەرجەم ئەو مووچەیەی لە ماوەی مۆڵەتەکەدا وەریگرتووە بۆ گەنجینەی دەوڵەت بگەرێنێتەوە و ئەو ماوەیەش وەک مۆڵەتی بێ مووچە بۆی هەژمار دەکرێ.
پێشنیازەیاساکە ئاسانکاری بۆ فەرمانبەرانی گرێبەستیش کردووە و ئەوانیش دەتوانن هاوشێوەی فەرمانبەرانی هەمیشەیی سوود لە مۆڵەتە درێژخایەنەکان وەربگرن؛ هەروەها بژاردەی مۆڵەتی بێ مووچە بۆ شەش مانگ بۆ هەموو فەرمانبەران رەخسێندراوە.
یەکێکی دیکە لە خاڵە سەرەکییەکان ئەوەیە کە ماوەی مۆڵەتە پێنج ساڵەییەکە وەک خزمەتی کارا بۆ مەبەستی خانەنشینی هەژمار دەکرێ، بە مەرجێک فەرمانبەر لێبڕینی خانەنشینی بدات.
.jpeg&w=3840&q=75)


