رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی عێراق فەرمانی دا بە کێشانەوەی سەرجەم ئەو پاسەوانانەی، بۆ پاراستنی ئەو پەرلەمانتار و بەرپرسانە تەرخانکرابوون، کە بە تۆمەتی گەندەڵی رەوانەی دادگە کراون و فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرچووە.
رۆژی دووشەممە 10ی ئابی 2026 حوسێن عەوادی، بریکاری باڵای وەزارەتی ناوخۆی عێراق، فەرمانی دا بە کێشانەوەی دەستبەجێی ئەو کارمەندانەی پۆلیس کە ئەرکی پاراستنی ئەو پەرلەمانتار و بەرپرسانەیان لە ئەستۆ بوو، کە پارێزبەندییان لادراوە و بە تۆمەتی گەندەڵی رووبەڕووی یاسا کراونەتەوە.
ئەم بڕیارە لە کاتێکدایە رۆژی 28ی حوزەیرانی 2026ـەوە بە ئۆپەراسیۆنی وردی هێزەکانی دژەتیرۆر و دەستەی دەسپاکی لە ناوچەی سەوز هەڵمەتی بەرەبەیانی دژە گەندەڵی دەستیپێکرد، بۆ دەستگیرکردنی بەرپرسانی باڵا لە عێراق ژمارەیەک بەرپرسی باڵا و پەرلەمانتارانی خولی ئێستا و پێشووی گرتەوە.
دیارترین ئەو کەسانەش:
- محەممەد کەربوولی: پەرلەمانتاری هاوپەیمانیی عەزم
- عالیە نوسەیف: پەرلەمانتاری هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان
- محەممەد فرمان شاهر جبووری: پەرلەمانتاری پارتی تەقەدووم
- حەسەنەین خەفاجی: پەرلەمانتاری سەربەخۆ
- موزر کەرەوی: پەرلەمانتاری هاوپەیمانیی سەروەریی
- بەهادین نووری: پەرلەمانتاری هاوپەیمانیی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان
- ئەحمەد جبووری (ئەبو مازن): سەرۆکی حیزبی جەماهیری نیشتمانی
- ئەحمەد ئەسەدی، وەزیری پێشووی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی.
جگە لەمانە، بەرپرسانی وەک عەلی مەعارج بەهادلی، بریکاری وەزارەتی نەوت، ئیبراهیم ئەلسومەیدەعی (راوێژکاری پێشوو)، و هاشم سوودانی (بەڕێوەبەری گشتیی کۆمپانیای ئۆتۆمبێل)یش پاسەوانەکانیان لێ دەسەنرێتەوە.
بەگوێرەی زانیارییەکان، ئەم زنجیرە دەستگیرکردن و رێکارە یاساییانە دوای دانپێدانانەکانی عەدنان جومەیلی، بریکاری پێشووی وەزارەتی نەوتی عێراق هاتوون، کە پەردەی لەسەر چەندین دۆسیەی گەورەی گەندەڵی لاداوە.



