رووداو دیجیتاڵ
حکومەتی عێراق رایدەگەیێنێت، هیچ زانیارییەکی پێشوەختەی لەبارەی بۆردوومانەکانی ئەمریکا و سعودیە بۆ سەر بارەگاکانی حەشدی شەعبی نەبووە. لەبارەی مووچەی فەرمانبەرانیش ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە کە باس لە دابەشکردنی مووچە لە 40 رۆژ جارێک دەکەن و گوتی، "دابینکراوە و پارێزراوە."
حەیدەر عەبوودی، گوتەبێژی حکومەتی عێراق رۆژی دووشەممە 10ی ئابی 2026، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا کە تۆڕی میدیایی رووداو ئامادەی بوو، رایگەیاند، عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیرانی عێراق وەزارەتی دەرەوەی راسپاردووە تاوەکو بە فەرمی سکاڵا لەسەر ئەو "دەستدرێژییانە" لە نەتەوە یەکگرتووەکان تۆمار بکەن و دۆکیۆمێنت بکرێن.
دۆخی مووچە و دارایی
سەبارەت بە پرسی مووچە، حەیدەر عەبوودی دڵنیایی دایە فەرمانبەران و گوتی: "مووچە پارێزراوە و حکومەت سەرەڕای قەیرانە ئابوورییەکان، تاوەکو ئێستا پەنای بۆ قەرزی دەرەکی نەبردووە." ئاماژەی بەوەش کرد، وەزارەتی دارایی و بانکی ناوەندی پێکەوە کار دەکەن بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی نەختینە.
ئەم کابینەیەی حکومەت تاوەکو ئێستا بە تەواوی پێکنەهێنراوە، حەیدەر عەبوودی لەو بارەیەوە گوتی: "رێککەوتنە سیاسییەکان هێشتا لە چوارچێوەی گفتوگۆی نێوان هێزە سیاسییەکاندا دەسوڕێنەوە و ئاماژەکان لە ئاستی خواستەکاندا نین،" ئاماژەی بەوەش کرد کە "حکومەت سەرەڕای نەبوونی 9 وەزیر، بەردەوامە لە کارەکانی."
بەهۆی جەنگی ئەمریکا و ئێرانەوە، گواستنەوەی نەوتی عێراق لە تەنگەی هورمز کێشەی بۆ دروست بووە، ئەمەش داهاتی حکومەت زۆر کەم کردووەتەوە و بووەتە هۆی دواکەوتنی مووچە.
گوتەبێژی حکومەتی عێراق گوتی، حکومەت کار دەکات بۆ دروستکردنی رێڕەوی نوێ و هێڵی ستراتیژی لەگەڵ تورکیا، تاوەکو داهاتی دەوڵەت زیاد بکات و بودجە پڕ بکاتەوە.
کۆنتڕۆڵکردنی چەک و کشانەوەی هێزەکان
حەیدەر عەبوودی جەختی کردەوە کە حکومەت رژدە لە پرسی کۆکردنەوەی چەک لە دەستی دەوڵەتدا و پابەندی ئەو خشتە کاتییەن کە بۆ کۆتایی مانگی ئەیلوول دیاریکراوە. گوتیشی: "ئامانجمان پاراستنی سامانی گەل و دڵنیاکردنەوەی دراوسێکانمانە کە عێراق نابێتە رێڕەوێک بۆ دەستدرێژیکردنە سەر وڵاتانی دیکە." ئاماژەی بەوەش کرد، کە فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق لایەنە پەیوەندیدارەکانی راسپاردووە بۆ دابینکردنی سیستمی بەرگریی ئاسمانی.
هەر لەم چوارچێوەیەدا، گوتەبێژی حکومەتی عێراق رایگەیامد، هاوئاهەنگیی ئەمنی و سەربازی هەیە بۆ وەرگرتنەوەی ئەو بنکانەی هێزەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتییان تێدایە، ئەوەش تاوەکو 30ـی ئەیلوولی داهاتوو جێبەجێ دەکرێت.
پەیوەندی لەگەڵ سعودیە و بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی
سەبارەت بە پەیوەندییەکان لەگەڵ ریاز، حەیدەر عەبوودی رایگەیاند، سەرۆکوەزیران دووبارە بانگهێشتنامەی سعودیەی پێگەیشتووە، بەڵام بەهۆی گرژییەکانی ئەم دواییەوە هێشتا کاتەکەی دیاری نەکراوە و بابەتەکە لە لایەن وەزارەتی دەرەوە لە ژێر لێکۆڵینەوەدایە.
بەرەبەیانی رۆژی 29ی تەممووزی 2026 سعودیە و ئەمریکا هێرشێکی هاوبەشیان کردە سەر بارەگاکانی حەشدی شەعبی، بەهۆیەوە 20 چەکداری حەشدی شەعبی کوژران و 32ی دیکەش بریندار بوون.
گوتەبێژی حکومەت ئاشکرای کرد بە نیازن لە نەتەوە یەکگرتووەکان سکاڵا لەسەر هێرشەکەی سەر حەشدی شەعبی تۆمار بکەن.
حکومەتەکەی زەیدی بە ماوەیەکی کەم دوای دەستبەکاربوونی، هەڵمەتێکی بۆ رووبەرووبوونەوەی گەندەڵی راگەیاند، تاوەکو ئێستا ژمارەیەک بەرپرس و پەرلەمانتار بە تۆمەتی گەندەڵی دەستگیرکراون، بەشێكیشیان کە فەرمانی گرتنیان هەیە، هەڵاتوون.
حەیدەر عەبوودی رایگەیاند، "هەڵمەتی بەرەبەیان" بۆ رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی بەردەوامە و حکومەت بە کردەیی دەستی کردووە بە ناردنی نامەی دادوەری بۆ ئینتەرپۆل و وڵاتانی بیانی بۆ وەرگرتنەوەی ئەو گەندەڵانەی کە لە لایەن دادگەوە داواکراون.
.jpg&w=3840&q=75)

