رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، لەگەڵ عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیران کۆدەبنەوە بۆ تاوتوێکردنی دۆخی دارایی عێراق.
دووشەممە 10ی ئابی 2026، رێبوار کەریم، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کاژێر 3:00ی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ وەک لیژنەی دارایی لەگەڵ عەلی فالح زەیدی، سەرۆکوەزیران لەبارەی دۆخی دارایی کۆدەبینەوە."
بڕیارە کۆبوونەوەکە لە باڵەخانەی ئەنجوومەنی وەزیران بکرێت، کەمبوونی داهات و پرسی مووچە تاوتوێ دەکرێت.
رێبوار کەریم رایگەیاند، لەو کۆبوونەوەیەدا ئەوەی پەیوەندیدارە بە مووچەی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستانەوە، پرسیاری لەبارەوە دەکەن.
لە 28ی تەممووزەوە دابەشکردنی مووچە لە عێراق دەستیپێکردووە؛ 9ی ئاب، دوایین دامەزراوە کە سەرۆکایەتییەکانە، مووچەیان پێدرا، کە قۆناخی بەر لە ناردنی مووچەی هەرێمی کوردستانە.
خەرجیی مانگانەی عێراق زیاتر لە 10.8 تریلیۆن دینارە و 7.8 تریلیۆن دیناری بۆ مووچەیە؛ بەهۆی کەمبوونی داهات بۆ نیوەی بڕی پێش جەنگ، دابەشکردنی مووچە دواکەوتووە.



