رووداو دیجیتاڵ
لە چوارچێوەی هەڵمەتێکی فراواندا دژی گەندەڵی لە پارێزگای سەلاحەدین، لە ماوەی 45 رۆژدا 55 کەس بە تۆمەتی گەندەڵی و بەهەدەردانی سامانی گشتی دەستگیرکراون، کە یەکێکیان قایمقامی قەزای بێجییە.
محەممەد حەجەف، قایمقامی بێجی کە بە "ئەبو مازن" ناسراوە، بەهۆی تێوەگلانی لە گرێبەستی دامەزراندنی فەرمانبەران و بەهەدەردانی سامانی گشتی لە پرۆژەکاندا دەستگیرکراوە. هاوکات دەستەی دەستپاکی لە تکریت نووسراوی ئاراستەی دادگاکانی بەغدا، سەلاحەدین و هەولێر کردووە بۆ دەستبەسەرداگرتنی سامانی ناوبراو کە لە هۆتێل، پێشانگای ئۆتۆمبێل، ماڵ و باخ پێکدێت.
تارا جەلال، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سەلاحەدین، دەڵێت: "بەپێی یاسا، دەستگیرکردنی گەندەڵکاران لە پارێزگاکە بەردەوامە و ئێمەش وەک ئەندامانی ئەنجوومەن پشتیوانیی دەکەین بۆ ئەوەی مافی هاووڵاتییان و خۆشگوزەرانی بگەڕێتەوە."
هەڵمەتەکە لەسەر بنەمای بڕیاری دادگایە و چەندین بەرپرسی دیکەش لە پارێزگاکە فەرمانی دەستگیرکردنیان بۆ دەرچووە.
محەممەد بەلداوی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق، بە رووداوی گوت: "ئەوەی لە پارێزگای سەلاحەدین روویدا، لە دەرئەنجامی رێکاری یاسایی و ئەو بڕیاری دەستگیرکردنە بووە کە لە دادگاوە دەرچووە بۆ ئەو کەسانەی تێوەگلاون لە دۆسیەی گەندەڵیی دارایی و کارگێڕی."
بەپێی زانیارییەکان، هێزە ئەمنییەکان لە هەموو شوێنێک بازگەیان داناوە و بە وردی بەدوای ئەو پارانەدا دەگەڕێن کە بە گەندەڵی بەدەستهاتوون.


