رووداو دیجیتاڵ
دابەشکردنی مووچەی پەرلەمانتارانی عێراق دەستیپێکرد، بەڵام پاسەوانەکانیان لەگەڵ ئەوان وەری ناگرن. ئەمە دوایین دامەزراوەیە لە ریزبەندیی دابەشکردنی مووچەدا پێش ناردنی مووچەی هەرێمی کوردستان.
رۆژی یەکشەممە، 9ی ئابی 2026، دوو پەرلەمانتاری عێراق ئەوەیان بۆ رووداو پشتڕاست کردەوە کە دابەشکردنی مووچەی پەرلەمانتاران دەستیپێکردووە.
سەرۆکایەتییەکانی عێراق کە پەرلەمان بەشێکە لێیان، دوایین دامەزراوەکانی عێراقن لە ریزبەندیی دابەشکردنی مووچەدا و دوای ئەوانیش مووچەی هەرێمی کوردستان دەنێردرێت.
ئاسۆس عەلی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق لە فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەمڕۆ دابەشکردنی مووچەی پەرلەمانتاران دەستیپێکردووە، بەڵام بێ پاسەوانەکانیان، ئەمە یەکەمجارە پێکەوە مووچە وەرنەگرن."
عێراق مانگانە پێویستی بە 7.8 تریلیۆن دینارە بۆ مووچەی فەرمانبەرانی حکومەتی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان.
شێروان دووبەردانی، ئەندامی پەرلەمانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند: "دەست بە دابەشکردنى مووچەی ئەندامانی خولی شەشەمی پەرلەمان کرا، بەڵام هێشتا ئەندامانی خولەکانی پێشوو مووچەیان وەرنەگرتووە."
بەهۆی کەمیی داهات، دابەشکردنی مووچەی مانگی تەممووز دواکەوت ئەگەرچى لە 28ى مانگى رابردووەوە دەستیپێکردووە، جگە لەوەی هەر دامەزراوەیەک کە دەست بە دابەشکردنی مووچەکەی دەکرێت، چەند رۆژێکی دەوێت تاوەکو هەموو جومگەکانی تەواو دەبن.



