رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق گرێبەستێکی لەگەڵ کۆمپانیایەکی تورکی واژۆ کرد بۆ بەڕێوەبردنی زیرەکی ئاو و رووپێوکردنی.
رۆژی یەکشەممە 9ی ئابی 2026، ئەو گرێبەستە لەنێوان موسەننا تەمیمی، وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی عێراق و نوێنەری کۆمپانیای (کۆلای سۆفت) لە بەغدا واژۆ کرا.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی وەزارەتی سەرچاوەکانی ئاوی عێراق، لەو گرێبەستەدا چوارچێوەیەکی هاوبەش بۆ بەڕێوەبردنی زیرەکی ئاو دادەنرێت، بۆ ئەوەی بە باشترین شێوە بەکاربهێنرێت و ئەو کەرتە بکرێتە ئەلیکترۆنی.
وەزیری سەرچاوەکانی ئاوی عێراق رایگەیاندووە، گرنگیی ئەو رێککەوتنە لەو ئاستەنگە ژینگەییانەدایە کە عێراق رووبەڕوویان دەبێتەوە، لەگەڵ بەرزبوونەوەی ئاستی بەکارهێنانی ئاو کە وادەکات پشت بە تەکنەلۆژیای نوێ ببەسترێت بۆ پڕکردنەوەی پێویستیی ئاو. ئاماژەی بەوەش کرد، ئەو رێککەوتنە هیچ پابەندییەکی دارایی لەسەر وەزارەتەکەى دروست ناکات.
بەگوێرەی رێککەوتنەکە، سوود لە ئەزموونی کۆمپانیاکە وەردەگیرێت لە بواری پەیوەندی و سیستمی تەواو بۆ چاودێری و پێوانەکردنی ئاوی سەرزەوی و ژێرزەوی و کۆکردنەوەی داتاکان و بەڕێوەبردنیان.
بەگوێرەی لێکتێگەیشتنێک کە لە ساڵی 2025 لەنێوان عێراق و تورکیا واژۆکراوە، سندووقێکی تایبەت بە پارەدارکردنى تێچووی پڕۆژەکانی کەرتی ئاو لە داهاتی نەوت دروست دەکرێت و پڕۆژەکان لەلایەن کۆمپانیاکانی تورکیاوە ئەنجام دەدرێن.




