رووداو دیجیتاڵ
وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەڵێت، لە سەرەتای ئەم ساڵەوە رێکاری یاسایی تووندیان بەرامبەر نزیکەی 8 هەزار ئەفسەر، کارمەند و فەرمانبەری وەزارەتەکەیان گرتووەتەبەر کە لە بەرتیل، گەندەڵی و خراپ بەکارهێنانی دەسەڵات تێوەگلاوبوون.
لیوا میقداد میری، بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییەکانی وەزارەتی ناوخۆی عێراق، رۆژی یەکشەممە، 9ـی ئابی 2026 گوتی، لە سەرەتای ساڵی 2026ـەوە رێکاری یاسایی بەرامبەر 8 هەزار ئەفسەر، پلەدار و فەرمانبەری مەدەنی گیراوەتەبەر، ئەوەش بەهۆی سەرپێچیکردنی یاسا و رێنماییەکان.
بەگوتەی میقداد میری، سەرپێچییەکان جۆراوجۆر بوون، لەوانە: "بەرتیل وەرگرتن، بەهەدەردانی سامانی گشتی، دزی، فێڵکردن، قاچاخچێتی، سەرانەوەرگرتن و دزەپێکردنی بەڵگەنامە فەرمییەکان."
میقداد میری ئاماژەی بەوەش کرد، ژمارەیەک لەو کەسانە بە تۆمەتی "خۆناسین بە پلەی ساختە" و کارکردن وەک "دەڵاڵ" لە نێو فەرمانگەکاندا دەستگیرکراون.
گوتەبێژی وەزارەتی ناوخۆی عێراق باسی لەوە کرد، وەزارەت بەردەوام دەبێت لە هەڵمەتی رووبەڕووبوونەوەی گەندەڵی و چەسپاندنی دیسپلین لەنێو دامەزراوەکانی؛ گوتیشی: "یاسا بەبێ جیاوازی بەسەر هەموواندا جێبەجێ دەکرێ، بەبێ گوێدانە پلە و پۆستەکانیان."


