رووداو دیجیتاڵ
نزیکەی 650 خێزان لە شاری موسڵ، کە 14 ساڵ لەمەوبەر بە شێوەیەکی یاسایی زەوییان کڕیوە، ئێستا لەبەردەم مەترسیی چۆڵکردنی ماڵەکانیاندان، ئەمەش دوای ئەوەی خاوەنە کۆنەکانی زەوییەکە لە بەغداوە گەڕاونەتەوە و بە بڕیاری دادگە، مافی خاوەندارێتییان وەرگرتووەتەوە.
نوێنەری ئەو 650 خێزانە، رۆژی یەکشەممە 9ـی ئابی 2026 بە رووداوی راگەیاند، لە ساڵی 2012دا لە رێگەی کۆمەڵەی وەرزشوانانی نەینەواوە زەوییان کڕیوە. گوتیشی: "ئێمە خەڵکی هەژارین و هەر پارچە زەوییەکمان بە 8 ملیۆن دینار کڕیوە. پێش کڕینەکەش لە نووسینگەکانی خانووبەرە پرسیمان و گوتیان کۆمەڵەکە باوەڕپێکراو و یاساییە."
کێشەی ئەم خێزانانە لە ساڵی 2020ـەوە دەستیپێکرد، کاتێک کۆمەڵێک کەس لە بەغداوە گەڕانەوە و رایانگەیاند، ئەوان خاوەنی رەسەنی ئەو 80 دۆنم زەوییەن کە لە گەڕەکی 17ـی تەممووز دابەشکراوە. دادگەش لەسەر بنەمای بەڵگەنامە کۆنەکان، بڕیاری لە بەرژەوەندیی خاوەنە کۆنەکانیان داوە.
دکتۆر عەبدوڵڵا حەسەن، سەرۆکی کۆمەڵەی وەرزشوانانی نەینەوا، لەبارەی ئەم کێشەیەوە بە رووداوی راگەیاند، ئەوان لە ساڵی 2012دا زەوییەکەیان بە شێوەیەکی یاسایی لە کەسێک کڕیوە بە ناوی "ئیهاب" کە بریکاری خاوەنە رەسەنەکان بووە لە بەغدا.
دکتۆر عەبدوڵڵا حەسەن گوتی: "بەهۆی داگیرکردنی موسڵ لە لایەن داعشەوە، رێکارەکانی گواستنەوەی خاوەندارێتی لە فەرمانگە حکومییەکاندا وەستا. لە ساڵی 2019دا زەوییەکانمان بە تاپۆ و بەڵگەی فەرمی بە ناوی خێزانەکان کرد، بەڵام خاوەنە کۆنەکان کاتێک بینییان نرخی زەوییەکان زۆر بەرزبووەتەوە، پەشیمان بوونەوە و سکاڵایان تۆمار کرد."
سەرۆکی کۆمەڵەکە ئاماژەی بەوەش کرد، کە ئێستا دۆسیەکەیان گەیاندووەتە دادوەری دەسپاکی و بڕیارە لەم هەفتەیەدا دادگە بانگهێشتیان بکات بۆ دەرکردنی بڕیاری کۆتایی لەسەر چارەنووسی ئەو 650 خێزانە.
هاووڵاتییانی زیانمەند داوا لە حکومەتی خۆجێیی و لایەنە پەیوەندیدارەکان دەکەن مافەکانیان بۆ بگەڕێننەوە و رێگری بکەن لەوەی زەوییەکانیان لێ زەوت بکرێت، یان لانیکەم ئەو پارەیەی کاتی خۆی داویانە بە نرخی ئێستا بۆیان بگەڕێندرێتەوە.
دوای رزگارکردنی پارێزگای نەینەوا لە دەستی داعش، کێشەی زەوی و زار بووە یەکێک لە گەورەترین گرفتەکانی شارەکە. زۆربەی دۆسیەکانی گۆڕینی خاوەندارێتی و کڕین و فرۆشتنی زەوی لە نێوان ساڵانی 2014 بۆ 2017 بەهۆی شەڕەوە فەوتاون یان تووشی ساختەکاری بوون.
ئەمەش وایکردووە هەزاران خێزان کە بە پارەی خۆیان زەوییان کڕیوە، ئێستا لەبەردەم ململانێی یاساییدا بن لەگەڵ خاوەنە کۆنەکان یان ئەو باندانەی کە لە رێگەی بەڵگەی ساختەوە دەستیان بەسەر موڵکەکاندا گرتووە.


