رووداو دیجیتاڵ
پەرلەمانتارێکی پارێزگای نەینەوا دەڵێت، هەزاران کەس بێسەروشوێنن و تەرمی هەشت هەزار کەس فڕێدراوەتە ناو چاڵی (خەسفە) لە نزیک شاری موسڵ.
شێروان دووبەردانی، ئەندامی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە پارێزگای نەینەوا، شەممە، 8ـی ئابی 2026، بە رووداوی راگەیاند: "لە سەردەمی دەسەڵاتی داعشدا، لیستی ناوی زیاتر لە سێ هەزار کەسیان بڵاوکردەوە کە دوای دەستگیرکردنیان لەناو ماڵەکانیاندا، داعش لەسێدارەدابوون، بەڵام تاوەکو ئێستا تەرمەکانیان نەدۆزراونەتەوە."
شێروان دووبەردانی ئاماژەی بەوەکرد، ئامارەکان باس لە نزیکەی 7 هەزار بۆ 8 هەزار تەرم لەناو چاڵی "خەسفە" دەکەن، کە چاڵێکی قووڵی سروشتییە و داعش وەک گۆڕستانێکی بەکۆمەڵ بۆ فڕێدانی تەرمی قوربانییەکانی بەکاریدەهێنا.
ئەو پەرلەمانتارە رەخنەی تووندی لە حکومەتی عێراق گرت کە تاوەکو ئێستا هیچ هەنگاوێکی کردەیی بۆ هەڵدانەوەی ئەم گۆڕستانە و ناسینەوەی تەرمەکان نەناوە. گوتیشی: "نە حکومەتی خۆجێیی و نە حکومەتی ناوەندی، تاوەکو ئێستا ئامارێکی ورد و کۆتاییان لەسەر ژمارەی شەهیدان و بێسەروشوێنبووانی ئەو چاڵە نییە."
شێروان دووبەردانی روونیکردەوە، تاوانەکانی داعش هەموو پێکهاتەکانی گرتووەتەوە، لەوانە سەدان کەس لە دانیشتووانی باشووری موسڵ، ئەفسەر و فەرماندە کۆنەکان. هەروەها ئاماژەی بە کۆمەڵکوژیی ئێزدییەکان لە شنگال کرد کە تاوەکو ئێستاش چارەنووسی هەزاران ژن و پیاوی ئەو پێکهاتەیە بە نادیاری ماوەتەوە.
ئەو پەرلەمانتارەی عێراق داوای لە لایەنە پەیوەندیدارەکان کرد، بەپەلە دەست بە هەڵدانەوەی گۆڕە بەکۆمەڵەکان بکەن و رێکارەکان بۆ قەرەبووکردنەوەی کەسوکاری شەهیدان خێرابکەن، چونکە نەینەوا تاوەکو ئێستاش بەدەست ئاسەوارە نامرۆڤانەکانی داعشەوە دەناڵێنێت.
رێکخراوی تیرۆریستیی داعش لە 10ـی حوزەیرانی 2014 پارێزگای نەینەوا و سەنتەری شاری موسڵی داگیرکرد.
دوای سێ ساڵ لە دەسەڵاتێکی تووندوتیژ و زنجیرەیەک شەڕی سەخت کە نۆ مانگی خایاند، لە 10ـی تەممووزی 2017 شارەکە، بە هاوکاریی پێشمەرگەی کوردستان، لەلایەن سوپای عێراقەوە بەتەواوی کۆنتڕۆڵکرایەوە.
سەرەڕای تێپەڕبوونی چەندین ساڵ بەسەر رزگارکردنی موسڵ، هێشتا دەیان گۆڕستانی بەکۆمەڵ هەڵنەدراونەتەوە و پرسی بێسەروشوێنبووان وەک برینێکی قووڵ ماوەتەوە.



