رووداو دیجیتاڵ
لیژنەیەکی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق بۆ تۆمارکردنی پەلەوەرخانەکان سەردانی هەرێمی کوردستان دەکات. ئامانجەکە بریتییە لە ئاسانکاری بۆ هەناردەکردنی هێلکە و مریشکی هەرێمی کوردستان بۆ پارێزگاکانی نێوەڕاست و باشووری عێراق.
فیراس سدیق، بەڕێوەبەری گشتیی سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، هاتنی لیژنەکە وەک رێکارێکی رۆتینییە بۆ دڵنیابوونەوە لە کوالێتیی پەلەوەرخانەکان. گوتیشی: "ئەوان باش دەزانن کوالێتیی پەلەوەرخانەکانمان چۆنە و زۆر پێشکەوتووترن لە ئەوانەی عێراق، ئەم هەنگاوە بۆ ئەوەیە چیدیکە لە بازگەکاندا بەهانە بە بەرهەمی کوردستان نەگیرێت."
بەڕێوەبەری گشتیی سامانی ئاژەڵ دەشڵێت: "تاوەکو ئێستاش کێشە لە بازگەکان هەیە، تاوەکو پارەیان نەدرێتێ ناتوانن هیچ مریشک و هێلکەیەکی هەرێمی کوردستان ببرێتە ناوچەکانی نێوەڕاست و خوارووی عێراق."
فیراس سدیق گوتی: "دوای تۆمارکردنیان لە وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق، مۆڵەتی فەرمییان پێدەدرێت بۆ ئەوەی بتوانن بەرهەمەکانیان بەبێ رێگری رەوانەی هەموو پارێزگاکانی عێراق بکەن و وەک بەرهەمی ناوخۆیی مامەڵەیان لەگەڵ بکرێت."
بەگوتەی فیراس سدیق، عێراق ئێستا کورتهێنانی لە بەرهەمی مریشک و هێلکەدا هەیە و پێویستیی زۆری بە بەرهەمی هەرێمی کوردستانە.
ئەندامێکی لیژنەکەی وەزارەتی کشتوکاڵی عێراق، بە رووداوی گوت: "کاری لیژنەکە تەکنیکییە، باسی پێوەر و هیچ مەرجێک نەکراوە، تەنیا هاوئاهەنگی و رێکار و میکانیزمەکانی هەناردەکردنە لەنێوان هەردوولا، کارەکانی پەلەوەرخانەکانی سلێمانی تەواوکرا، پارێزگاکانی دیکەش بەم نزیکانە ئەنجامی باشی دەبێت."
عێراق ساڵانە پێویستی بە 900 هەزار تۆن گۆشتی مریشک و 9 ملیار هێلکەیە، لەکاتێکدا بەرهەمهێنانی ناوخۆیی (بەبێ هەرێمی کوردستان) تەنیا دەگاتە 400 هەزار تۆن مریشک و 6 ملیار هێلکە.
لە هەرێمی کوردستاندا هەزار و 682 پەلەوەرخانە هەن کە بەمشێوەیە دابەشبوون:
سلێمانی: 727 پەلەوەرخانە
هەولێر: 576 پەلەوەرخانە
دهۆک: 344 پەلەوەرخانە
هەڵەبجە: 35 پەلەوەرخانە
27ـی کانوونی دووەمی 2025، حکومەتی عێراق بە بەهانەی ترسی گواستنەوەی نەخۆشی، هاوردەکردنی پەلەوەر و بەرهەمەکانی لە هەرێمی کوردستانەوە قەدەخەکردبوو.
ئەم بڕیارە زیانێکی زۆری بە خاوەن کێڵگەکانی هەرێمی کوردستان گەیاند و بووە هۆی گرانبوونی نرخی مریشک و هێلکە لە پارێزگاکانی عێراقدا.
رێککەوتنی نوێی نێوان هەولێر و بەغدا بۆ یەکخستنی رۆژژمێری کشتوکاڵی و تۆمارکردنی کێڵگەکان، هەنگاوێکی گرنگە بۆ سەقامگیرکردنی بازاڕ و پاراستنی بەرژەوەندیی جووتیارانی هەردوولا.



