رووداو دیجیتاڵ
ئاسیاسێڵ بووە کۆمپانیای پەیوەندییەکانی مۆبایلی پەسندکراو لەلایەن کۆمپانیای ئەپڵەوە لە عێراق. بەرپرسی راگەیاندنی ئاسیاسێڵ دەڵێت، یەکەمجارە ئەپڵ هاوبەشی دێنێتە نێو عێراقەوە.
بەرهەم غەریب، بەرپرسی راگەیاندنی کۆمپانیای ئاسیاسێڵ، هەینی 7ـی تەممووزی 2026، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "پێشتریش رێککەوتنمان لەگەڵ کۆمپانیای سامسۆنگ کردووە و ئێستاش رێککەوتنمان لەگەڵ ئەپڵ وەک هاوبەشێکی نوێ واژۆکردووە، ئەوەش بۆ فرۆشتنی بەرهەمەکانی ئەپڵ بەشێوەی راستەوخۆ."
بەگوتەی بەرهەم غەریب، ئەم رێککەوتنە ئاسانکاری بۆ بەکارهێنەران دەکات و پێویست ناکات بەکارهێنەرانی iOS چیدیکە یوزەر و وڵاتەکانیان بگۆڕن.
بەرهەم غەریب گوتی، ئەوان لەم رێگەیەوە ئامێرەکانی ئایفۆن لە فرۆشگاکانی ئاسیاسێڵ لە سەرانسەری عێراق دابیندەکەن کە بەگوتەی خۆی، ئامێری رەسەنن و بە گەرەنتیی فەرمییەوە بەردەستدەبن.
بەرهەم غەریب ئاماژەی بەوەشکرد، رێککەوتنەکەیان لەگەڵ سامسۆنگ بەردەوامە و خزمەتگوزارییەکانی لە شوێنی خۆیدان.

