رووداو دیجیتاڵ کەشناسیی عێراق دەڵێ، پێشبینی دەکرێ سەرەتای هەفتەی داهاتوو کەش تاڕادەیەک فێنک بکات، بەڵام دواتر و بە دیاریکراوی لە رۆژی دووشەممەوە شەپۆلێکی تووندی گەرما روو لە عێراق و هەرێمی کوردستان دەکاتەوە و پلەی گەرما لە بەغدا و باشوور دەگەیێنێتە 51 پلەی سیلیزی. بەپێی راپۆرتی دەستەی کەشناسیی عێراق بۆ رۆژی هەینی، 7ی ئابی 2026، پارێزگای مەیسان بە 50 پلەی سیلیزی گەرمترین ناوچەی عێراق بووە. دوای ئەویش پارێزگاکانی بەسرە، موسەننا و زیقار بە 49 پلە هاتوون. پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان نزمترین پلەیان تۆمار کردووە، کە دهۆک و سلێمانی 41 پلە و هەولێر 42 پلەی سیلیزی بوون. مەحموود عەبدوللـەتیف، بەڕێوەبەری بەشی کەشناسی لە دەستەی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "رۆژانی شەممە و یەکشەممە، پلەی گەرما لە ناوچەکانی هەرێمی کوردستان و نێوەڕاستی عێراق دوو بۆ سێ پلە بەراورد بە هەفتەی رابردوو دادەبەزن و هەست بە فێنکی دەکرێ، بەڵام ئەمە کاتییە و دووبارە بەرز دەبێتەوە." بەڕێوەبەری بەشی کەشناسیی عێراق دەڵێ، لە رۆژی دووشەممە، 10ی ئابەوە، پلەی گەرما جارێکی دیکە روو لە بەرزبوونەوە دەکات و گوتی: "رۆژی دووشەممە گەرما لە هەموو عێراق بەرز دەبێتەوە، پلەی گەرما لە بەغدا دەگاتە 50 پلە و لە بەسرە، ناسریە و عەمارەش دەگاتە 51 پلەی سیلیزی." هاوکات ئاسۆ کەمال، شارەزای کەشناسی، تیشکی خستە سەر دۆخی کەشوهەوای هەرێمی کوردستان و بە رووداوی راگەیاند: "ئێستا لە چلەی هاوینداین، گەرما لە ناوچەکانی وەک کەرکووک، خانەقین، کەلار و مەیدان، تێکڕا لەنێوان 46 بۆ 47 پلەی سیلیزیدا دەمێنێتەوە." ئەو شارەزایە ئاماژەی بەوەش کرد کە پێشبینی دەکەن لە رۆژانی 12 و 13ی ئەم مانگەدا جۆرێک لە دابەزینی پلەی گەرما رووبدات، بەڵام دەشڵێت، "ئەزموونی ساڵانی رابردوو نیشانی داوە کە هەندێک جار مانگی ئەیلوول لەسەر ئاستی جیهان و ناوچەکەش گەرمتر بووە لە مانگەکانی پێش خۆی، بۆیە پێویستە ئامادەکاری بۆ بەردەوامیی ئەم گەرمایە بکرێ."
عێراق07-08-2026وەزارەتی ناوخۆی عێراق: ئەندامانی سێ گرووپی مەترسیداری بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە دەستگیرکران