رووداو دیجیتاڵ
لە ماوەی شەش ساڵدا، خەرجییەکانی دەستەی حەشدی شەعبی بە رێژەیەکی بەرچاو هەڵکشاون و 1.8 تریلیۆن دینار زیادیان کردووە. بەپێی ئامارەکان، تەنیا بۆ کڕینی چەکی سووک و قورس لەو ماوەیەدا، زیاتر لە یەک تریلیۆن دینار تەرخانکراوە.
بەگوێرەی بەدواداچوونێکی تۆڕی میدیایی رووداو بۆ یاساکانی بودجەی عێراق، خەرجییەکانی حەشدی شەعبی لە ساڵی 2019ـەوە تاوەکو 2024 بە رێژەی 72% زیادیان کردووە. لە کاتێکدا لە ساڵی 2019دا کۆی خەرجییەکانی ئەو دەستەیە 2.5 تریلیۆن دینار بووە، لە بودجەی 2024دا ئەو بڕە بۆ 4.3 تریلیۆن دینار بەرزبووەتەوە.
سەگڤان سندی، جێگری پێشووی سەرۆکی لیژنەی ئاسایش و بەرگری لە پەرلەمانی عێراق، بە رووداوی راگەیاند: "لە بودجەی سێ ساڵەی عێراقدا (2023-2025) خەرجیی مووچەی حەشدی شەعبی بەهۆی دامەزراندنی کارمەندی نوێوە زیادی کردووە، بە جۆرێک تەنیا لەو ماوەیەدا زیاتر لە 30 هەزار کەسی نوێ بۆ دەستەکە دامەزرێنراون."
وردەکاریی خەرجییەکانی حەشدی شەعبی لە چوار یاسای بودجەدا:
ساڵی 2019: کۆی خەرجی 2.5 تریلیۆن دینار بووە (2 تریلیۆنی بۆ مووچە).
ساڵی 2021: خەرجییەکان گەیشتوونەتە 3.7 تریلیۆن دینار (3.5 تریلیۆنی بۆ مووچە).
ساڵی 2023: خەرجییەکان بوونەتە 3.9 تریلیۆن دینار (3.4 تریلیۆنی بۆ مووچە).
ساڵی 2024: خەرجییەکان گەیشتوونەتە لووتکە و بوونەتە 4.3 تریلیۆن دینار (3.8 تریلیۆنی بۆ مووچە).
سەبارەت بە پڕچەککردنی ئەو هێزە، لە ماوەی ئەو شەش ساڵەدا چوار یاسای بودجە تێپەڕیوون و تێیاندا کۆی 1.1 تریلیۆن دینار تەنیا بۆ پڕچەککردن تەرخانکراوە. گەورەترین بودجەی پڕچەککردن لە ساڵی 2023دا بووە کە 564 ملیار دینار بووە.
سەگڤان سندی ئاماژە بەوەش دەکات کە "پرۆسەی پڕچەککردنی حەشدی شەعبی راستەوخۆ لەژێر سەرپەرشتیی نووسینگەی سەرۆکوەزیراندایە و کڕینی هەموو جۆرە چەکێکی قورس و سووک دەگرێتەوە."
بەپێی خشتەکانی بودجەی ساڵی 2024، ژمارەی چەکدار و کارمەندانی دەستەی حەشدی شەعبی گەیشتووەتە 238 هەزار و 75 کەس.



