رووداو دیجیتاڵ سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق رایگەیاند، حکومەت پاشەکشێ لە سنووردارکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا ناکات و لیژنەی تایبەتمەندی ئەو پرسە بەردەوامە لە کارەکانی و کردنەوەی نووسینگە بۆ تۆمارکردنی چەک و رێکخستنی. هەینی 7ی ئابی 2026، سەعد مەعن، سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی رایگەیاند، سیاسەتی نیشتمانی بۆ سنووردارکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا، بەگوێرەی بڕیارێکی ئەنجوومەنی ئاسایشی نیشتمانی لە ساڵی 2018 داڕێژراوە، کە بەڵگەنامەیەکى حکومییە و ئامانج لێی ئەوەیە چەک تەنیا لە دامەزراوە ئەمنی و سەربازییەکاندا بەکاربهێنرێت و مۆڵەتی چەک رێکبخرێت و قاچاخچێتیی چەک بنبڕ بکرێت. بە گوتەی سەعد مەعن، حکومەت بەردەوامە لەو رێکارە و پاشەکشێی لێ ناکات، لەبەر ئەوەی ئەو پڕۆسەیە گەرەنتیی باشترکردنی ئاسایشی کۆمەڵایەتی و بەهێزکردنی متمانە بە دامەزراوەکان و پاڵپشتیی ئابووریی لێدەکەوێتەوە. تاوەکو ئێستا سێ گرووپی چەکدار بە فەرمی بەشداریی خۆیان لە پڕۆسەی سنووردارکردنی چەک لە دەستی دەوڵەتدا رایگەیاندووە، بەڵام دوو گرووپی سەرەکیی دیکە چەکدانانیان بەستووەتەوە بەوەی وەک خۆیان دەڵێن "کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق". سەعد مەعن رایگەیاند، لیژنەی ئەمنی، پاڵپشتیی رێکخستنەوەی چەک و سنووردارکردنی لە دەستی دەوڵەت، کە سەر بە وەزارەتی ناوخۆیە و نوێنەرانی لایەنە پەیوەندیدارەکانی تێدایە، ئێستا بەردەوامە لە کارکردن و کردنەوەی نووسینگەی تۆمارکردنى چەک و رێکخستنی. سەرۆکی شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق گوتیشی: "هەندێک بێئاگایی لە هەندێک یاسای پەیوەندیدار بە هەڵگرتنی چەکی بێ مۆڵەت هەیە".
عێراق07-08-2026کەتیبەکانی سەیدولشوهەدا بۆ رووداو: لۆژیکی نییە بەر لە چوونە دەرەوەی سوپای ئەمریکا باس لە چەکدانان بکرێت