رووداو دیجیتاڵ
قەیرانی دارایی و دواکەوتنی مووچەی مانگی حەوت، بازاڕ و جووڵەی لە بەغدای پایتەختی عێراق سست کردووە. کاسبکاران دەڵێن، کارکردن بۆ نیوە کەم بووەتەوە.
حکومەتی عێراق زیاتر لە 186 تریلیۆن دینار قەرزی کەڵەکەبووی لەسەرە و تاوەکو رۆژی پێنجشەممە، 06.08.2026، مووچەی مانگی حەوتی چوار سەرۆکایەتییەکەی عێراق، وەزارەتەکانی دەرەوە، سەرچاوە ئاوییەکان، وەرزش و لاوان، دەستە سەربەخۆکان و وەقفی ئایینی دابەش نەکراوە.
دواکەوتنی مووچە کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر بازاڕ و ژیانی خەڵک داناوە. شەقامی زەیتوون، کە یەکێکە لە شەقامە قەرەباڵغەکانی بەغدا، بەهۆی قەیرانەکەوە چۆڵ بووە.
مەهدی شاکر، دوکاندارێکی بەغدایە و دەڵێت، "کاریگەریی لەسەر هەموو دووکانەکان هەبووە، نەک تەنیا دووکاندار، بەڵکو هەموو خەڵک ئازاری چەشتووە. مووچە نییە، ئیش و کار نییە، تەنیا ئەوەت لەسەرە کرێی دووکان و کارەبا بدەی."
هاونیشتمانییەک بەناوی سەیف عەلی، رەخنەیەکی توند دەگرێت و دەڵێت: "هەمووی گەندەڵە، هەر هەمووی. هەر لە لایەنی ئایینییەوە تاوەکو لایەنە سیاسییەکان و تەنانەت بێباوەڕەکانیش، هەموویان گەندەڵن. هیچ کەسێک بەدەر نییە. بۆ نموونە، من یەکێکم لەو خەڵکە، ئێستا ئەرکێکم لەنێو حکومەتدا پێ بسپێرە، گەندەڵ دەبم."
حەیدەر ئیبراهیم، کاسبکارێکی دیکەیە و بە مۆتۆڕسکیلەکەی بژێویی ژیانی دابین دەکات. بە رووداوی گوت: "هەرچەندە داهاتی رۆژانەی بۆ نیوە دابەزیوە، بەڵام یارمەتیی ئەو کەسانە دەدات کە هێشتا مووچەیان وەرنەگرتووە و باس لەوە دەکات، "کاریگەری کردووەتە سەر خێزانەکان، خەڵک هەژارە، ناکرێت مووچەکانیان لێ زەوت بکرێت، خێزان و منداڵیان هەیە."
وەزارەتی دارایی عێراق، پەرلەمانی ئاگادار کردووەتەوە کە کێشەی کەمیی داهات و نەبوونی پارەی کاشی هەیە. دیلان غەفوور، ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق، بە رووداوی راگەیاند: "باشترین بژاردە، ئەگەر بۆ ماوەیەکی کاتیش بێت، وەرگرتنی قەرزی نێوخۆییە."
حکومەتی عێراق بۆ دابینکردنی مووچە، مانگانە پێویستی بە 7 تریلیۆن و 800 ملیار دینارە، بەڵام بەهۆی کەمبوونەوەی هەناردەی نەوت، داهاتەکانی بۆ کەمتر لە نیوە دابەزیوە.

