رووداو دیجیتاڵ عەلی فالح زەیدی، وەک فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق بڕیاریدا ئاستی ئامادەیی ئەمنی و ئامادەکاریی شەڕکردنی هێزە ئەمنی و سەربازییەکان بەرزبکرێتەوە. پێنجشەممە، 6ـی ئابی 2026، شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق رایگەیاند، بە فەرمانی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکان بڕیاردراوە بە بەرزکردنەوەی ئاستی ئامادەیی ئەمنی و ئامادەکاریی شەڕکردنی هێزە ئەمنی و سەربازییەکان بەشێوەیەک کە گەرەنتیی ئەنجامدانی چالاکیی مەشق و جووڵەی یەکەکان بکرێت. شانەی راگەیاندنی ئەمنیی عێراق رایگەیاند، ئەو رێکارە لە چوارچێوەی بەردەوامیی زیادکردنی ئامادەیی سەرجەم یەکە ئەمنییەکان و بەهێزکردنی تواناکانیانە لە بەجێهێنانی ئەرکەکانیاندا، بەشێوەیەک کە ببێتە مایەی هێنانەدی ئاسایش و سەقامگیری و پاراستنی هاووڵاتییان و بەرژەوەندیی گشتی. ئەو ئامادەکارییە بەر لە رۆژێکە لەو وادەیەی کە گرووپی "مقاوەمەی ئیسلامی" لە عێراق پێشتر لە 29ـی تەممووز دیاریکردبوو بەوەی کە تاوەکو 7ـی ئاب چاوەڕێی وەڵامی حکومەت دەکات تاوەکو بزانن چی دەکات لەبارەی ئەو هێرشانەی ئەمریکا و سعوودیە کردیانە سەر حەشدی شەعبی لە عێراق. بەرەبەیانی 29ـی تەممووز لە حەوت پارێزگای عێراق بارەگاکانی حەشدی شەعبی بۆردوومانکران و بەهۆیەوە 20 چەکداری ئەو گرووپە کوژران و 32ـی دیکەشیان برینداربوون.