رووداو دیجیتاڵ
سێ مانگ بەسەر متمانەدان بە بەشێک لە کابینەکەی زەیدی تێدەپەڕێت و هێشتا کورسیی نۆ وەزارەت بە بەتاڵی ماونەتەوە. سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی و ئەندامێکی مەکتەبی سیاسیی عەسائیب ئەهلی حەق دەڵێن، هەوڵێک هەیە کە پۆستی وەزیری کۆچ و کۆچبەران بۆ (بابلیون) بێت و سەرۆکی فراکسیۆنی پارتیش دەڵێت، بەپێی شایستەی هەڵبژاردن دەبێت بۆ فراکسیۆنی (سۆیانا) بێت. لەبارەی پۆستی وەزیری ناوخۆش باس لەوە دەکرێت کە زەیدی وەزارەتەکە بداتە دەوڵەتی یاسا.
14ی ئایاری ئەم ساڵ، دەنگ لەسەر 14 بەربژێری کابینەی حکومەتەکەی عەلی زەیدی درا؛ بەربژێری نۆ وەزارەت مابوون کە بەربژێری چوار وەزارەتیان لە دەنگداندا رەتکرانەوە و متمانەیان وەرنەگرت. پێنج وەزارەتیش نەخرانە دەنگدانەوە.
سەفوان گەرگەری، ئەمینداری گشتیی پەرلەمانی عێراق بە رووداوی گوت، "ئەگەری هەیە دوای پشووی چلەی ئیمام حوسێن و لە هەفتەی داهاتوودا وادەی دانیشتنی پەرلەمان بۆ تەواوکردنی کابینەی حکومەت دیاری بکرێت."
هەرێم کەمال ئاغا، سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق بە رووداوی راگەیاند، هەوڵێک هەیە بۆ ئەوەی ئەو وەزیرانەی لە دانیشتنی یەکەمدا دەنگیان نەهێنا، دووبارە دەنگدانیان بۆ بکرێتەوە.
هەروەها دانەر عەبدولغەفار، گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتیش بە رووداوی گوت، "تانەیەک لە بەردەم دادگەی فیدراڵی هەیە لەسەر ئەو بەربژێرانەی لە دانیشتنی یەکەمدا متمانەیان وەرنەگرت. عەلی زەیدی سەرەتا ویستی بەربژێرەکان بگۆڕێت، بەڵام ئێستا چاوەڕێی بڕیاری دادگەیە و رەنگە دووبارە دەنگدان بۆ هەمان ئەو ناوانە بکرێتەوە."
یەکێتی و عەسائیب: بابیلون پشتیوانی هەیە وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران وەربگرێت
یەکێک لە ناکۆکییەکان لەسەر وەزارەتی کۆچ و کۆچبەرانە. هەرێم کەمال ئاغا باس لەوە دەکات، "فراکسیۆنی بابیلون داوا دەکەن وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران بۆ ئەوان بێت، بۆ ئەم مەبەستەش پشتیوانیی بەشێک لە لایەنە سیاسییەکانیان بەدەستهێناوە."
هەروەها حوسێن شەیحانی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی بزووتنەوەی عەسائیب ئەهلی حەق بە رووداوی راگەیاند، "پارتی دیموکراتی کوردستان داوای ئەم وەزارەتە دەکات، چونکە پشتگیری لە سێ کورسیی کۆتای مەسیحییەکان کردووە." بەڵام دەڵێت کە لە بەرامبەردا "بۆچوونێکی بەهێز" لە نێو چوارچێوەی هاوئاهەنگی و لایەنە مەسیحییەکان هەیە کە دەڵێن، "نابێت وەزارەتەکە ببێتە پاشکۆی حیزبێکی سیاسی، بەڵکو دەبێت نوێنەرایەتی هەموو پێکهاتەی مەسیحی بکات، بۆیە چوارچێوەی هاوئاهەنگی مەیلیان بۆ ئەوە هەیە وەزارەتەکە بدرێتە (لیستی بابلیۆن)".
فراکسیۆنی بابلیۆن سەر بە بزووتنەوەی بابلیۆنە کە رەیان کلدانی سەرۆکایەتی دەکات.
گوتەبێژی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق، گوتی، "بەپێی لۆژیکی زۆرینە و کەمینە لە نێو پێکهاتەی مەسیحی، دەبێت وەزارەتی کۆچ بۆ فراکسیۆنی (سۆیانا) بێت کە سێ کورسییان هەیە، نەک لیستی (بابیلون) کە خاوەنی دوو کورسین."
سەبارەت بەوەی دەگوترێت ئەو لایەنانە لە پارتییەوە نزیکن، دانەر عەبدولغەفار دەڵێت، "ئەمە پەیوەندی بە نزیکی لە پارتییەوە نییە، بەڵکو شایستەی هەڵبژاردنی پێکهاتەی مەسیحییە. پارتی پێیوایە کێشەی ئەم وەزارەتە نابێتە هۆکاری پەکخستنی تەواوی کابینەکە، بەڵکو دەکرێت لە رێگەی لێکتێگەیشتن یان لەلایەن پەرلەمانەوە یەکلا بکرێتەوە."
"مانگی ئەیلوول یەکلایی دەکرێتەوە"
دکتۆر سەڵاح بوشی، ئەندامی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا پێشبینی دەکات مانگی ئەیلوول هەموو وەزارەتەکان یەکلا ببنەوە. بوشی دەڵێت، "باشترە کە هەموو وەزارەتەکان بەیەک پاکێج دەنگیان لەسەر بدرێت بۆ ئەوەی رێگری لە گوشاری سیاسی بکرێت."
ئەو ئەندامەی دەوڵەتی یاسا ئاماژەی بەوەش کرد، ئێستا کاری لەپێشینەی حکومەت پرسی سەروەری، چاکسازی، بنبڕکردنی گەندەڵی و کۆنترۆڵکردنی چەکە و، "پێویستە هاوکار و پاڵپشت بین."
لەبارەی پۆستی وەزارەتی ناوخۆ حوسێن شەیحانی باسی لەوە کرد ، "نابێت بابەتی بەربژێری وەزارەتی ناوخۆ حیزبی بێت، بەڵکو دەبێت لە نێو چوارچێوەی هاوئاهەنگی رێککەوتنی لەسەر بکرێت. ئەمەش خراوەتەڕوو، چونکە سەرۆکوەزیران بەڕێز زەیدی، مافی داوەتە (دەوڵەتی یاسا) کە ناوەکان بەربژێر بکەن و ئەویش یەکێکیان هەڵبژێرێت."
شەیحانی دەشڵێت، "هەندێک لە هێزەکانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی هەندێک ناوی دیاریکراویان دەستنیشان کردووە کە ئەو دەتوانێت هەڵیانبژێرێت و ئەوانیش لەگەڵی بگونجێن. ئەمەش دەبێتە هۆی چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان لەسەری و کەسایەتییەک دەستنیشان دەکرێت کە لێهاتوویی هەبێت بۆ سەرکردایەتیکردنی ئەم وەزارەتە کە وەزارەتی ناوخۆیە، بەهۆی ئەو گرنگییەی کە ئەم وەزارەتە هەیەتی."


