رووداو دیجیتاڵ
وەزیرانی دەرەوەی عێراق و ئوردن تاوتوێی پڕۆژەی راکێشانی بۆریی نەوتی بۆ بەندەری عەقەبەی ئوردن و کارەبا بۆ عێراق دەکەن.
رۆژی چوارشەممە، 5ـی ئابی 2026، لە عەمانی پایتەختی ئوردن، فوئاد حوسێن، وەزیری دەرەوەی عێراق لەگەڵ ئەیمەن سەفەدی، وەزیری دەرەوە و کاروباری رەوەندی ئەو وڵاتە کۆبووەوە.
بەگوێرەی راگەیێندراوێکی وەزارەتی دەرەوەی عێراق، هەردوو وەزیری دەرەوە لەو کۆبوونەوەیەدا تاوتوێی پڕۆژەی راکێشانی بۆریی نەوتی عێراقیان بۆ بەندەری عەقەبەی ئوردن کردووە.
پڕۆژەکە بۆرییەکی 1665 کیلۆمەترییە لە بەسرەوە دەستپێدەکات بۆ بەندەری عەقەبەی ئوردن لەسەر دەریای سوور. 690 کیلۆمەتری بۆرییەکە لەنێو خاکی ئوردن دەبێت.
وەزارەتی دەرەوەی عێراق رایگەیاندووە، لەو کۆبوونەوەیەدا تاوتوێی راکێشانی کارەبا لە ئوردنەوە بۆ عێراق کراوە، لە رێگەی بەستنەوەی بە تۆڕی کارەبای ئوردن.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، هەردوولا باسیان لە ئامادەکارییەکان کردووە بۆ سەردانێکی چاوەڕوانکراوی ئەیمەن سەفەدی لەگەڵ وەزیری وزە و سامانی کانزایی ئوردن بۆ بەغدا.




