رووداو دیجیتاڵ
لە پارێزگای مەیسانی باشووری عێراق، هەزاران ماسی لە حەوز و ئاوەکانی پارێزگاکەدا مردن. ئەندامێکی ئەنجوومەنی پارێزگاکە هۆشداری دەدات کە ئەگەر ئاو بۆ ناوچەکە بەرنەدرێتەوە، زۆنگاوی حەوێزە رووبەڕووی وشکبوونی یەکجاری دەبێتەوە.
رۆژی چوارشەممە، 5ی ئابی 2026، گرتە ڤیدیۆییەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرایەوە کە تێیدا ژمارەیەکی زۆر ماسی مردوو دەردەکەون. شوێنەکە ئاوی عەمشانە لە ناحیەی خەیری لە پارێزگای مەیسان. هاووڵاتییانی ناوچەکە دەڵێن، دەیان هەزار ماسیی بچووک لە مەترسیی لەنێوچووندان و وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکان بە بەرپرسیار دەزانن.
حوسێن مریانی، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای مەیسان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "بەشێکی زۆری ئاوەکانی مەیسان تووشی کارەساتی ژینگەیی بوون. ماسی و هەموو زیندەوەرە ئاوییەکان بە کۆمەڵ دەمرن، هۆکارەکەشی کەمیی بەردانەوەی ئاوە کە بووەتە هۆی کەمبوونەوەی ئۆکسجین لە نێو ئاوەکەدا."
حوسین مریانی گوتی، "مەترسیی گەورەمان لەسەر زۆنگاوی حەوێزە هەیە، کە سەرچاوەی سەرەکیی بژێوی و ژیانی زۆرینەی خەڵکی پارێزگاکەیە. دەترسین ئەویش تووشی هەمان چارەنووس بێت و وشک ببێت."
دوای بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆکە، وەزارەتی سەرچاوە ئاوییەکانی عێراق رێکاری گرتەبەر. ئەندامەکەی ئەنجوومەنی مەیسان دەڵێت، پەیوەندییان بە وەزیری سەرچاوە ئاوییەکان کردووە و ئەویش فەرمانی کردووە بەڕێوەبەری گشتیی پەیوەندیدار سەردانی شوێنی کارەساتەکە بکات.
حوسێن مریانی گوتیشی، "وەزیر فەرمانی کردووە لە بەنداوی حەمرینەوە بڕە ئاوێکی تایبەت بەپەلە بەربدرێتەوە و بڕە ئاوەکە تایبەت دەبێت بە زۆنگاوەکانی مەیسان."



