رووداو دیجیتاڵ
بڕیارە ئێوارەی ئەمڕۆ هاوپەیمانیی بەڕێوەبردنی دەوڵەت بۆ تاوتوێکردنی چەند پرسێک کۆبێتەوە و نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانیش تێیدا بەشدار دەبێ.
کۆبوونەوەکە بە بەشداری سەرکردە و نوێنەری لایەنە سەرەکییەکانی هاوپەیمانییەکە و هەر پێنج سەرۆکایەتییەکە، واتە سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق، سەرۆکایەتیی پەرلەمانی عێراق، سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق، سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی دادوەریی عێراق و سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان دەبێ.
بە پێی زانیارییەکانی نووسینگەی تۆڕی میدیایی رووداو لە بەغدا، نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە کۆبوونەوەکەدا بەشدار دەبێ.
سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە جیاش لەگەڵ عەلی زەیدی، سەرۆکی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق کۆبوونەوەیەکی تایبەتی دەبێ.
بەپێی زانیارییەکانی نووسینگەی تۆڕی میدیایی رووداو لە بەغدا، لە کۆبوونەوەکاندا باس لە دۆخی عێراق، پێشهاتەکانی ناوچەکە و پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و عێراق دەکرێ.




