رووداو دیجیتاڵ
پارێزگاکانی بەسرە، مەیسان، زیقار، بابل، نەجەف و کەربەلا بڕیاریان دا سبەی چوارشەممە، 5ـی ئابی 2026 لە سەرجەم دامەزراوە حکومییەکانی پارێزگاکەدا پشووی فەرمی بێت، ئەوەش دوای ئەوەی پلەی گەرما بەرزبووەوە.
ئەحمەد سەلیم، گوتەبێژی ئەنجوومەنی پارێزگای زیقار، رۆژی سێشەممە، 4ـی ئابی 2026، بە رووداوی راگەیاند: "پلەی گەرمای پێشبینیکراو بۆ سبەی لە 50 پلەی سیلیزی تێدەپەڕێ." ئەمەش بە پشتبەستن بە هۆشدارییەکانی فەرمانگەی کەشناسی پارێزگاکە کە رێنمایی داوە هاووڵاتییان تاوەکو بۆیان دەکرێ نەچنە دەرەوە.
ئەحمەد سەلیم جەختی لەوە کردەوە کە بڕیاری پشووی فەرمی لەپێناو پاراستنی سەلامەتی فەرمانبەران و هاووڵاتییانە، بە لەبەرچاوگرتنی بەرزبوونەوەی پلەی گەرما؛ ئاماژەی بەوەش کرد کە بڕیارەکە هەموو فەرمانگە حکومییەکانی سەر بە پارێزگاکە دەگرێتەوە.
هاوکات حەبیب فەرتووسی، پارێزگاری مەیسان لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، بەهۆی ئەو شەپۆلە گەرما تووندەی ناوچەکەی گرتووەتەوە، بڕیاردرا رۆژی چوارشەممە، 5ـی ئابی 2026، لە پارێزگاکەدا پشووی فەرمی بێت.
پارێزگاکانی بەسرە، زیقار، بابل، نەجەف و کەربەلاش بڵاویانکردەوە، سبەی بە هەمان هۆکار لەو پارێزگایانەش پشووە.
بەگوێرەی کەشناسیی عێراق، ئەمڕۆ سێشەممە پلەی گەرما لە پارێزگای مەیسان گەیشتە 50 پلەی سیلیزی، لە پارێزگای بەسرە بەرزترین پلە تۆمارکرا کە 51 پلە، لە بەغداش پلەی گەرما گەیشتە 50 پلەی سیلیزی.



