رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوەیەکی باڵای فەرماندەیی پاسەوانی سنووری عێراق دەڵێ، دۆخی سنووری نێوان عێراق و سووریا لە هەردوو دیوەوە ئاساییە و هیچ جووڵەیەکی نائاسایی یان گوماناوی نییە.
رۆژی سێشەممە، 4ـی ئابی 2026، سەرچاوەیەکی باڵا لە فەرماندەیی پاسەوانی سنووری عێراق، بە رووداوی راگەیاند: "بەدواداچوونی تەواومان کردووە بۆ ئەو هەواڵانەی لەبارەی دۆخی سنوورەکانمان لەگەڵ سووریا بڵاوکراونەتەوە و دۆخی سنوورەکان ئاساییە."
ئەو سەرچاوە باڵایە ئاماژەی بەوەش کرد، هێزەکانیان لەوپەڕی ئامادەییدان و دۆخەکە لە ژێر کۆنترۆڵدایە؛ گوتیشی: "دۆخەکە لە هەردوو دیوی سووریا و ئێمەوە ئاساییە و هیچ دۆخێکی گوماناوی تۆمارنەکراوە."
ئەم لێدوانەی پاسەوانی سنووری عێراق لە کاتێکدایە، لە بەشێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەو جۆرە بڵاوکراوەتەوە کە هێزە ئەمنییەکانی سووریا کەوتوونەتە دۆخی ئامادەییەوە، ئەوەش بەهۆی دۆخی لوبنان و عێراقەوە.
رووبەری سنووری نێوان عێراق و سووریا 618 کیلۆمەترە.



