رووداو-دیجیتاڵ
لەنێو ملیۆنان زیارەتکاری شیعە کە لە 172 وڵاتەوە بۆ بەشداریکردن لە چلەی ماتەمینیی ئیمام حوسێن روویان لە کەربەلا کردووە، دەیان کەژاوە و سەدان زیارەتکاری کورد لە هەر چوار پارچەی کوردستان دەبینرێن کە پەیامی پێکەوەژیان و ئاشتی دەگەیێنن.
زۆرترین کەژاوەی کوردی لە کەربەلا، هیی کوردانی فەیلییە کە بۆ ماوەی 40 رۆژ بەردەوام دەبن لە پێشکەشکردنی خواردن و خواردنەوەی جۆراوجۆر بە زیارەتکاران.
محەممەد سەلمان، خاوەن کەژاوەیە، دەڵێت: "یەکەم ئامانجمان لەم کارە گەیاندنی پەیامە بە ئیمام حوسێن و پێی بڵێین هەموو جیهانی ئیسلامی یەکە و جیاوازی نییە لەنێوان کورد و عەرەب و تورکمان و تەواوی پێکهاتەکان."
جەمیل میران، خاوەن کەژاوێکی دیکەیە بە رووداوی گوت: "جیاوازی ناکەین لەنێوان عەرەب و کورد و کرستیان، لەنێوان سوننە و شیعە. هەموو پێکهاتە و توێژەکان لەنێو کاروانەکانی کەربەلا بوونیان هەیە، تەنانەت عەجەم و بیانیەکانیش."
عەبدولحەسەن باوی، خاوەن کەژاوە، دەڵێت: "سەرەتا ئێمە 10 کەس بووین، ئێستا بە پشتیوانیی خودا زیاتر لە 100 کەسین. ئێمە خزمەتی زیارەتکاران دەکەین و جیاوازیش لەنێوان کەس ناکەین."
لەنێو 13 هەزار کەژاوەی خزمەتگوزاری کە لە نەجەفەوە تاوەکو کەربەلا دانراون، کەژاوەکانی شارەکانی کرماشان، ئیلام، لوڕستان، خوراسان و دێرسیم دەبینرێن.
ئەحمەد یوسف، زیارەتکارێکی خەڵکی ئیلامە و دەڵێت: "دوعام کرد کێشەی برا کوردەکانم چ لە ئێران، عێراق، تورکیا و سووریا، بە پشتیوانیی خودا چارەسەر ببن. کێشەی دارایی و مەعنەوییان نەمێنێت و ئەگەر کێشەی بێکارییان هەبێت چارەسەر ببێت. لەلای ئەبا عەبدوڵڵا دوعامان کرد خودا ئەوانە سەرکەوتوو بکات."
ساڵانە لە ساڵیادی عاشووراوە تاوەکو چلەی ماتەمینیی ئیمام حوسێن، کەژاوە کوردییەکان لە شەقامەکانی نەجەف و کەربەلا، لەسەر ئەرکی خۆیان بە سەدان تۆن خواردن و خواردنەوە بەسەر زیارەتکاراندا دابەش دەکەن.


