رووداو دیجیتاڵ
بانکی رافیدەین روونکردنەوە لەبارەی بڕینی قیستی پێشینە و قەرزەکان دەدات و دەڵێت، دواکەوتنی مووچەی مانگی تەممووز نابێتە هۆی ئەوەی دوو قیست پێکەوە لە فەرمانبەران و خانەنشینان ببڕدرێت.
رۆژی دووشەممە، 3ـی ئابی 2026، راگەیاندنی بانکی رافیدەین لە راگەیێندراوێکدا ئەو دەنگۆیانەی رەتکردەوە، لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکراونەتەوە و دەڵێن بەهۆی دواکەوتنی مووچەوە، بانکەکان لە کاتی دابەشکردنی مووچەی نوێدا دوو قیستی قەرزەکان دەبڕن.
بانکی رافیدەین دەڵێت، میکانیزمی بڕینی قیستی پێشینە و قەرزەکان بەستراوەتەوە بە خودی پرۆسەی دابینکردنی مووچەوە، نەک بەو کاتەی لەنێوان دوو مووچەدا تێدەپەڕێت. گوتیشی: "لەگەڵ دابەشکردنی هەر مووچەیەکدا تەنیا یەک قیست دەبڕدرێت، تەنانەت ئەگەر مووچەکەش دواکەوتبێت."
لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، سیستمی ئەلیکترۆنیی بانکەکە بە جۆرێک رێکخراوە کە لەگەڵ هەموو پارەدارکردنی مووچەیەکدا، تەنیا یەک قیست بەپێی خشتەی دیاریکراو ببڕدرێت. بانکەکە داوای لە فەرمانبەران و خانەنشینان کرد، نەکەونە ژێر کاریگەریی ئەو هەواڵە نادروستانەی دەبنە هۆی نیگەرانییان و تەنیا پشت بە سەرچاوە فەرمییەکان ببەستن.
بەهۆی کەمی پارەی نەختینە(کاش)ـەوە مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی عێراق بۆ مانگی 7 دواکەوت و لە 27ی مانگ دەست بە دابەشکردنی کرا.
زۆربەی فەرمانبەران و خانەنشینانی عێراق جۆرێک لە پێشینەیان لە بانکە حکومییەکانی وەک رافیدەین و رەشید وەرگرتووە، مانگانە بڕێکی دیاریکراو لە مووچەکانیان دەبڕدرێت.
رێکارە بانکییەکان لە عێراق بە گشتی پابەندن بەوەی لەگەڵ گەیشتنی پارەدارکردنی مووچە، قیستەکان ببڕدرێن و بانکەکان ناتوانن لە یەک مانگدا دوو قیست ببڕن بەبێ رەزامەندیی پێشوەختە یان هەبوونی سەرپێچیی یاسایی.



