رووداو دیجیتاڵ
دەستەی دەستپاکیی فیدراڵیی عێراق رایگەیاند، پێنج فەرمانبەری فەرمانگەی باجیان لە دیالە دەستگیرکردووە، کە تۆمەتبارن بە هەدەردانی دوو ملیار دینار لە سامانی گشتی، ئەویش بەهۆی وەرنەگرتنی باج لە چەند شوێنێکی بازرگانی.
دەستەی دەستپاکیی عێراق، رۆژی دووشەممە 3ـی ئابی 2026 لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، تیمێکی لێکۆڵینەوە لە نووسینگەی دیالە دوای بەدواداچوون و وردبینی، پێنج "خەمڵێنەر"یان لە بەڕێوەبەرایەتیی باجی پارێزگاکە دەستگیرکردووە.
ئەم فەرمانبەرانە تۆمەتبارن بەوەی کەمتەرخەم بوون لە وەرگرتنی بڕی دوو ملیار دینار وەک باجی داهات لە گۆڕەپانی فرۆشتنی ئاژەڵ و عەلوەی میوە و سەوزە.
بەگوێرەی راگەیێندراوەکە، رێکارەکانی دەستپاکی وایکردووە بڕی 703 ملیۆن و 403 هەزار دینار بۆ گەنجینەی دەوڵەت بگەرێندرێتەوە. هەروەها نیشانەی دەستبەسەرداگرتن خراوەتە سەر سامانی گوازراوە و نەگوازراوەی هەشت کەسی دیکە کە پابەندی دانی باجەکانیان نەبوون.
دادوەری لێکۆڵینەوەی باقوبە کە تایبەتە بە دۆسیەکانی دەستپاکی، بڕیاریداوە هەر پێنج فەرمانبەرەکە بەپێی مادەی 341ـی یاسای سزاکانی عێراق، کە تایبەتە بە زیانگەیاندن بە موڵکی گشتی، رابگیرێن و لێکۆڵینەوەیان لەگەڵدا بکرێت.
کۆکردنەوەی باج لە عەلوە و بازاڕە گەورەکان یەکێکە لە سەرچاوە گرنگەکانی داهاتی ناوخۆیی عێراق.



